رووداو دیجیتاڵ
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕەکان، رۆژی هەینی بە 2562 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و بەوپێیەش گەورەترین دابەزینی هەفتانەی خۆی لە ماوەی 3 ساڵی رابردوو بەخۆیەوە بینی.
خاوبوونەوەی هەنگاوەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کەمکردنەوەی سوودی بانکی، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرزبێتەوە و کاریگەری نەرێنی لەسەر نرخی زێڕ دابنێت.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندبوو، "پێویست بەوە ناکات پەلەپەل بکەن لە دابەزاندنی سوودی بانکی."
لەدوای ئەو لێدوانەوە بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترین ئاستی یەک مانگی رابردوو.
ئالێکس ئیبکاراییان، بەڕێوبەری کۆمپانیای ئالیگەینس گۆڵد لەوبارەیەوە رایگەیاند، "ناڕوونییەکان و مەترسییەکان لە بازاڕەکاندا کەمبوونەتەوە کە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە چەند هەفتەی رابردوو بوون."
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "ئێستا زێڕ رووی لە دابەزین کردووە بەو پێیەی بەهاکەی زیاتر کاریگەرییەکەی لە هۆکارە بنەڕەتییەکان وەرگرتووە."
ئابوویناسان پێیانوایە، سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا و ئەوەش کاریگەری بەرچاو لە سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ