نرخی نەوت زیاتر لە 4 دۆلار دابەزی و ئۆنسەیەک زێڕ زیاتر لە 25 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئامارەکانی ئەمریکا و چینەوە نرخی نەوت زیاتر لە 4 دۆلار دابەزی و بەرمیلێک نەوتی برێنتیش بۆ کەمتر لە 77 دۆلار دابەزی. نرخی ئۆنسەیەک زێریش گەیشتە سەروو 1986 دۆلار.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی نەوتی برێنت 4.55 دۆلار یان 5.61٪ دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 76.62 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بە هەمان شێوە، نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 4.27 سەنت یان 5.58٪ دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 72.38 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمە نزمترین نرخی نەوتە لە چوار مانگی رابردوودا.
زیابوونی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا لە لایەک و نیگەرانییەکان لەبارەی خواستی چین لەسەری، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخەکەن.
کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا نەوت لە کۆگەکانی ئەمریکا 3.59 ملیۆن بەرمیل زیادبووە و گەیشتووەتە 439 ملیۆن بەرمیل؛ گوتیشی، بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمریکا رۆژانە بە جێگیری لە 13.2 ملیۆن بەرمیل ماوەتەوە، ئەوەش ئاستێکی پێوانەییە.
لە لایەکی دیکەوە، پاڵاوگە نەوتییەکانی چین لە مانگی رابردوودا نەوتی کەمتریان پاڵاوتووە، ئەوەش نیگەرانی دروستکردووە، بەو پێیەی چین گەورەترین هاوردەکاری نەوتە و رۆژانە زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت هاوردە دەکات.
تاماس ڤارگا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای PVM دەڵێت، "روونە کە دابەزینی نرخی نەوت و لاوازبوونی هەیکەلی بازاڕ نیشانەیەکی خراپە و ئاماژەیە بەوەی خستنەڕوویەکی لەڕادەبەر لە بازاڕ هەیە".
لە لایەکی دیکەوە، ترسی فراوانبوونی شەڕی غەززە کەمبووەتەوە، ئەوەش ترسی پچڕانی هەناردەی نەوتی کەمکردووەتەوە.
ئۆنسەیەک زێڕ بە 1985 دۆلارە
پێچەوانەی نرخی نەوت، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ زیاتر لە 25 دۆلار بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک گەیشتە 1985 دۆلار زیاتر.
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، بەرزبوونەوەی داواکاریی بیمەی بێکارییە لە ئەمریکا.
ئەمڕۆ وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی داوای بیمەی بێکارییان کردووە، 13 هەزار کەس زیادبووە و گەیشتووەتە 231 هەزار کەس.
ئەمە لەکاتێکدایە پێشبینی دەکرا ژمارەکە 218 هەزار کەس بێت.
سێ رۆژە نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوەدایە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هەڵاوسان لەو وڵاتە لە مانگی رابردوودا لە ٪3.7ـەوە بۆ 3.2٪ دابەزیوە.