109 ملیار دیناری دیکە لە بەغداوە گەیشت؛ سبەی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول رادەگەیێنرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەغدا شایستەی دارایی راگیراوی ژمارەیەک وەزارەت و فەرمانگەی ناردووە. راشیگەیاند سبەی (پێنجشەممە) خشتەی مووچەی مانگی ئەیلوول رادەگەیێندرێت.
 
شەوی چوارشەمممە 17-10-2024 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە "سێ هەفتەیە شاندی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم لیستی مووچە و خەرجکردنی ئەو لێبڕینانەی لە مانگەکانی رابردوو راگیرابوون، لە شاری بەغدایە."
 
شاندەکە تائێستا چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ (بەرپرسانی) فەرمانگەکانی بودجە و ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە، بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتەکە "زۆربەی کێشەکانی لیستی مووچەیان چارەسەر کردووە"، کە خۆی لە تێبینییەکانی نەبوونی بایۆمەتری، ناوی هاوشێوە، کێشەی بایۆمەتری، وەزارەتی کارەبا، پەرلەمانی کوردستان و کێشەی فەرمانبەرانی میلاکی حکومەتی هەرێم لە کەرکووک و ناوچەدابڕاوەکان دەبینێتەوە.    
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی، رۆژی چوارشەممە بڕی 109 ملیار و 663 ملیۆن و 329 هەزار دیناری شایستەی راگیراوی مووچەی مانگەکانی ئایار، حوزەیران، تەمووز، ئاب و ئەیلوولی وەزارەتی کارەبا، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، ئەو مووچەخۆرانەی ناویان لەیەکچوو بوو لەگەڵ ئەو مووچەخۆرانەی بایۆمەترییان کێشەی تێدابوو، خەرجکرا. 
 
وەزارەتی دارایی دەڵێت، شاندی تەکنیکییەکەیان لە بەغدا دەمێنێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو مووچە راگیراوانەی دیکە، کە بریتییە لە مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستانن و لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان دەوام دەکەن، بەشێک لە دەرماڵە و سەرەمووچەی ساڵانەی فەرمانبەران تاوەکو لە نزیکترین کاتدا ئەو شایستانەش خەرج بکرێن، بابەتی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیاری دادگەی فیدراڵی، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مانگی تەمووزەوە بڕیاری هاوتاکردنی مووچەکەیانی جێبەجێکردووە، بەڵام تائێستا وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ تەمویلی هاوتاکردنەکەی خەرج نەکردووە. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگێکی مووچەخۆر و فەرمانبەر و خانەنشینانی، پێویستی بە نزیکەی 997 ملیار دینارە، بەڵام وەزارەتی دارایی دەڵێت بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول 800 ملیاری لەبەردەستە. 
 
وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە، سبەی (پێنجشەممە، 17-10-2024) خشتەی مووچەی مانگی ئەیلوول رادەگەیێندرێت و شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەهەماهەنگیدا دەبن بۆ چارەسەری تەواوی ئەو شایستە راگیراوانەی چەند مانگی رابردوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق: دوو رۆژی داھاتوو تەواوکاری مووچەی مانگی 9 دەنێرین

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، خەرجکردنی تەواوکاریی مووچەی مانگی 9ی ھەرێمی کوردستان لە رێکارەکانی کارگێڕییە، لە دوو رۆژی داھاتوودا شایستە داراییەکان رەوانەی سەر هەژماری وەزارەتی دارایی ھەرێم دەکرێت.