یەکەم ناوەندی پشکنینی زێڕ لە فڕۆکەخانەی بەغدا کرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
یەکەم ناوەندی پشکنینی زێڕی هاوردە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کرایەوە. ئامادەکارییەکانیش لە فڕۆکەخانەی کەرکووک بۆ هەمان مەبەست دەستیپێکردووە.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رۆژی سێشەممە (15-10-2024) بە فەرمی کردنەوەی یەکەم ناوەندی پشکنینی زێڕی هاوردەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا راگەیاند.
ئەمڕۆ، (چوارشەممە 16-10-2024) دەزگای ناوەندیی بۆ پێوانە و کوالێتیی کۆنترۆڵ لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوای فڕۆکەخانەی بەغدا، یەکەی پشکنینی زێڕ لە فڕۆکەخانەکانی بەسرە، نەجەف و کەرکووک دەکەینەوە؛ ئەوەش دوای ئەوەی سەرجەم ئامێرەکانیان بۆ دابین دەکرێت."
کارمەندەکانی دەزگاکە لە رۆژانی 5 تاوەکو 12 ئەم مانگە لە دوبەی، بەشدارییان لە خولێکی راهێنانی پشکنینی زێڕ کرد.
سەبارەت بە کردنەوەی ئەو یەکەیە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، دەزگاکە رایگەیاند "ئێستا پلانمان بۆ ئەوە نییە."
هەردی سەمەد، گوتەبێژی فڕۆکەخانەی کەرکووک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئامادەکارییەکان بۆ دانانی یەکەی پشکنینی زێڕ لە فڕۆکەخانەی کەرکووک دەستیانپێکردووە، شوێنەکەی لەنێو فڕۆکەخانە بۆ دابینکراوە و چاوەڕێی گەیشتنی ئامێرەکان دەکەین."
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رۆژی 03-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو "بەمەبەستی ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاوردەکردنی زێڕ و خێرا بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، بڕیاردراوە لە فڕۆکەخانەکانی عێراقەوە، پشکنین بۆ زێڕ بکرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، پێشتر پشکنینی زێڕ کاتێکی زۆری پێدەچوو، دەبرایە کوالێتیی کۆنترۆڵ لە بەغدا، دواتر رێگەی هاوردەکردنی پێدەدرا؛ بەڵام ئێستا لە فڕۆکەخانەکانەوە پشکنین بۆ زێڕەکە دەکرێت، بۆ ئەوەی راستەوخۆ بهێنرێت.
سەبارەت بە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت "بڕیارە لە فڕۆکەخانەی هەولێر، ناوەندێک بۆ پشکنینی زێڕ دابنێین؛ بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە رێککەوتنی کۆتایی."
هەژار قادر، خاوەنی کۆمپانیا و یەکێک لە بازرگانانی زێڕ لە هەرێمی کوردستان پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو "حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی پشکنینی هاوردەکردنی زێڕ دەکات. بەو هەنگاوە؛ بەغدا هەوڵدەدات خۆی راستەوخۆ کۆنترۆڵ و سەرپەرشتیی هاوردەکردنی زێڕی هەرێمی کوردستان بکات، بۆیە دەیەوێت ناوەندێک لە فڕۆکەخانەی هەولێر بکاتەوە."
بەگوتەی ئەو بازرگانە، زیاتر لە 90٪ـی هاوردەکردنی زێڕی عێراق لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە و بەدیاریکراوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر؛ "چونکە لە رووی ئەمنییەوە بازرگانان بەتەواوی پارێزراون و لەخۆیان دڵنیان؛ بەڵام لە بەغدا زۆر جار تووشی رفاندن و دزی و هەڕەشەکردن دەبنەوە."
زێڕ لە تورکیا، ئیمارات و ئیتاڵیاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت. هەژار قادر گوتی "ئەم ساڵ 33 تۆن زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە؛ لەو بڕە 30 تۆنی هەناردەی شارەکانی عێراق کراوە." گوتیشی "هەفتانە نزیکەی 400 کیلۆ زێڕ لە هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرێت، کە نزیکەی 350ـی بۆ ناوچەکانی عێراقە."
بەغدا چەندجارێک هەوڵیداوە هاوردەکردنی زێڕ لە هەرێمی کوردستان قەدەخە بکرێت؛ لە 31-08-2020 بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک هاوردەکردنی زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر قەدەخەکرا؛ بەڵام دوای گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا، دەستیپێکردەوە.