لەسەر 'دزینى 2.5 ملیار دۆلارەکە' لیژنەى دارایی بانگهێشتى دەستەى باج و بانکى رافیدەین دەکات


رووداو دیجیتاڵ

لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەبارەى دۆسیەی "دزینى 2.5 ملیار دۆلارەکە" ـى دەستەى گشتیى باجى عێراق بانگهێشتى بەرپرسانى ئەو دەستەیە و بانکى رافیدەین دەکات. ئەندامێکى لیژنەکەش دەڵێت: "رەنگە بڕەپارەکە لەوە زیاتر بێت کە راگەیێندراوە." 
 
رۆژی 16ـى تشرینى یەکەمى 2022، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بانگهێشتى بەشێک لە بەرپرسانى دەستەى گشتیى باجى عێراق و بانکى رافیدەینى کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەى "دزینى" ئەو 2.5 ملیار دۆلارەى کە ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیرى نەوت لە نامەى دەستلەکارکێشانەوەکەیدا لە پۆستى وەزیرى دارایی بەوەکالەت ئاماژەى پێداوە.
 
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لیژنەکەمان لەگەڵ نوێنەرانى دەستەى گشتیى باج و بانکى رافیدەین کۆبووەوە و کۆبوونەوەکە بەردەوامە."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد: "کۆبوونەوەکە بۆ زانینى وردەکاری و هێڵە گشتییەکانى ئەو دۆسیەیە کە ئەگەر هەیە ئەو پارەیەى براوە، لەوەش زیاتر بێت کە راگەیێندراوە".   
  
لە نامەى دەستلەکارکێشانەوەى ئیحسان عەبدولجەبار لە پۆستى وەزیرى دارایی بە وەکالەت کە لە 12ـى تشرینى یەکەم  ئاراستەى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراقی کردووە، ئاشکرایکردووە کە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارى پارەى باج لە بانکى رافیدەین "دزراوە".
 
رۆژی 16ى تشرینى یەکەمى 2022، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، لێکۆڵینەوەیان لە دیارنەمانى ئەو 2.5 ملیار دۆلارە کردووە و دۆسیەکەشى خستووەتە بەردەم دادگە و چەند بەرپرسێک لەسەر ئەو دۆسیەیە بانگهێشتی دادگە کراون.