داخستنی پاڵاوگەی نایاسایی لە دهۆک و سلێمانی بەرەوڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە
رووداو – هەولێر
بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان ئەگەرچی سێ مانگە دەرچووە، بەڵام تا ئێستا جگە لە هەولێر، لە هیچ پارێزگایەكی دیكە جێبەجێ نەکراوە. ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش پێیانوایە كە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە بەجدی كار لەسەر دۆسیەكە بكات و ئاسەواری پاڵاوگە نایاساییەكان نەهێڵێت.
غالب محەممەد، سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (رووداو)ی راگەیاند "تاوەكو ئێستا هیچ پاڵاوگەیەك لە سنووری پارێزگای سلێمانی تێكنەدراوە، چونكە ئەو پاڵاوگانە هی بەرپرسەكانن، بۆیە سەد ساڵی دیكەش ئەو پاڵاوگە نایاساییانە تێكنادرێن".
شوفێران ساڵانە 15 ملیار دینار زەرەر دەکەن
غالب محەممەد گوتیشی: "ساڵانە بایی 15 ملیار دینار فیول پەمپی ئۆتۆمبێل بەهۆی سووتەمەنی خراپەوە لە هەرسێ پارێزگاكە تێکدەچن، ئەمە بەرەڵڵاییە، خەڵك دەبێت بزانێت دەسەڵاتدارەكان بازرگانی بە خوێنیانەوە دەكەن، 100% رێژەی شێرپەنجە زیادی كردووە، عێراق بتوانێت ئیدارەی 15 پارێزگا بدات لە سووتەمەنی بەنزین بە كوالێتی باش و هیچ كێشەیەكی نەبێت، بۆچی حكومەتی هەرێمی کوردستان نەتوانێت ئیدارەی سێ پارێزگا بدات و هەركەسێك بیەوێت پاڵاوگەی نایاسایی دابنێت و نرخی سووتەمەنی گران بكات؟".
ئەو گوتیشی کە حكومەت خۆی 3 پاڵاوگەی هەیە "با گرنگی بەوانە بدات و ئەوانەی دیكە كە نایاسایین هەموویان دابخرێن و تێكبدرێن".
سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی خاوەنی پاڵاوگە نایاساییەكان بە مافیا ناودەبات و دەڵێت: "لە سنووری پارێزگای سلێمانی 41 پاڵاوگە هەن، هەموویان بە ئەمبارەكانیشیانەوە نایاسایین، خاوەنی پاڵاوگەكان مافیان و چەكداریان هەیە، دوو لیوای نەوت و غاز هەیە، ئەگەر دەسەڵاتی داخستن و تێكدانی ئەو پاڵاوگە نایاساییانەیان نەبێت ئەی بۆ هەن و ئیشیان چییە؟ پێویستە وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش كە دونیایەك پارەیان لەبەردەستە، لەسەر ئاستی باڵا ئەو پاڵاوگانە تێكبدەن".
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای داخستن و تێکدانی پاڵاوگە نایاساییەکانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کردووە، بەڵام بە گوتەی ئەندامانی، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بڕیارەکەی نەگشتاندووە و جێبەجێکردنیشی لە داخستن و سزای داراییدا هێشتووەتەوە و هیچ پاڵاوگەیەک بەتەواوی تێکنەدراوە.
مۆڵەتیان بەناوی كارگە وەرگرتووە
رزگار سدقی، ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک دەڵێت: "نزیكەی 100 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای دهۆك هەن، كە بەسەر نزیكەی 40 پارچە زەویدا دابەشبوونە، ئەو پاڵاوگانە بەناوی كارگە مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام دواتر كراون بە پاڵاوگەی نایاسایی، هەموو پاڵاوگەكان نایاسایین و كوالێتی بەرهەمەكانیان باش نییە و تێبینیی زۆریان لەسەرە، سەرەڕای ئەوەش دانەخراون، بە كەمی هەر كاردەكەن، بڕیاری داخستن و تێكدانیان کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە جێبەجێ نەكراوە".
زۆرترینیان لە سنووری هەولێرن
پارێزگای هەولێر زۆرترین چاوی لەسەرە، چونكە زۆرترین پاڵاوگەی نایاسایی لێن، بۆیە زۆرترین رەخنە لە بەرپرسانی هەولێر دەگیرێت كە بڕیارەكانی داخستن و تێكدانی پاڵاوگە نایاساییەكان جێبەجێ ناكەن. کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی بڕیارەكەوە دەڵێت: "بڕیارێكی زۆرباشە، پارێزگار و قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر لیژنەیەكیان دروستكرد و بەدواداچوونیان بۆ پاڵاوگە نایاساییەكان كرد، هەندێکیان سزای ماددی دراون و هەندێكیشیان داخراون، بەڵام بە داخستن كێشەی ئەو پاڵاوگە نایاساییانە چارەسەر نابێت، بەڵكو دەبێت هەڵبگیرێن و ئاسەواریان نەهێڵدرێت، چونكە كاریگەری زۆر خراپیان لەسەر ژینگە هەیە".
سەرۆكی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر پێیوایە کە دەبێت حكومەت لیژنەیەكی باڵا و خاوەن دەسەڵات بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان دروستبکات "ئەو لیژنانەی بەدواداچوون بۆ پاڵاوگە نایاساییەكان دەكەن رێگری زۆریان لێدەكرێت لەلایەن خەڵكی دەسەڵاتدارەوە، چونكە ئەو كەسانەی ئەو پاڵاوگانەیان هەیە كەسانی باڵادەستن، بۆیە رووبەڕووی كێشە دەبنەوە، ئەگەر لیژنەیەكی باڵا لەسەر ئاستی حكومەتی هەرێمی كوردستان درووست نەكرێت و وەزیری ناوخۆ بە بەردەوام لەسەر هێڵ نەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو كەسانە، ناتوانرێت بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت، كێشەكە تەنیا لە سنووری ناوەندی هەولێر نییە، بەڵكو لە سنووری قەزای مەخموور و خەبات و كۆیەش هەیە و پاڵاوگەی نایاسایی زۆری تێدان كە زیاتر لە 300 پاڵاوگەی نایاسایی دەبێت، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی وەزارەتی ناوخۆ كار لەسەر بڕیارەكە بكات".
لە هەولێر 23 پاڵاوگە تێكدراون
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر رەتیدەكاتەوە بڕیارەكە لە هەولێر جێبەجێ نەكرابێت و دەڵێت: "ماوەیەكە بڕیارەكە دەرچووە و ئێمە پێشتریش كارمان لەسەر داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان كردووە و چەند پاڵاوگەیەكمان داخستوون و مامەڵەی یاساییمان لەگەڵ كردوون، هەروەها پێشتر 23 پاڵاوگەی نایاساییمان تێكداون كە لە سنووری دەسەڵاتی ئێمە بووە و ناتوانن دووبارە كاربكەنەوە، تاوەكو ئێستا تەنیا لە هەولێر بڕیارەكە جێبەجێ كراوە".
نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی: "لیژنەیەك لە وەزارەتی ناوخۆ كار لەسەر ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكات و رۆژی 9/10/2018 لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی باشتر و رێكخراوتر كار لەسەر داخستن و تێكدانی پاڵاوگە نایاساییەكان بكرێت".