گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی: لەوانەیە ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی هەشتی هەرێمی کوردستان بنێردرێت بۆ بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لەوانەیە ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی هەشتی هەرێمی کوردستان بنێردرێت بۆ بەغدا."
سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "بەغدا یەک ترلیۆن و 181 ملیاری وەک مووچەی مانگی 7 و 8 بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە. 308 ملیار دیناری بۆ مانگی 7 و 873 ملیاری بۆ مانگی 8 بوو. 998 ملیار وەک مووچەی مانگی حەوت دابەشکراوە و 183 ملیار دینار ماوەتەوە."
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "بەغدا 691 ملیار دیناری هەرێمی کوردستانی راگرتبوو، دوای دانوستاندن رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراقی کرد. لەوانەیە لەم یەک دوو رۆژە دا وەزیری دارایی عێراق پارەی راگیراوی مووچەی هەرێمی کوردستان بنێرێت."
لەبارەی هاوتاکردنی مووچە سەمیر هەورامی گوتی، "جارێ تەنیا مووچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی دەنێردرێت و لەم دوو رۆژە کۆبوونەوەیەک بۆ جێگیرکردنی ئەم بابەتە دەکرێت."
گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەوەی ئایا هەژماری من دەچێتە چوارچێوەی بەجێکردنەوە یان نا، دەڵێت، "لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دارایی هەولێر و بەغدا، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق خۆی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو بانکانەی لەنێو هەژماری منن، مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندین. یەکێک لەوانیش TBIیە. ئاساییە لەو بانکە هەژمارت هەبێت. بابەتەکە ئەوەیە لێرە پێی دەڵێن هەژماری من و لەوێ پێی دەگوترێت تەوتین."
دەشڵێت، "وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی دارایی هەولێر و بەغدا گوتوویەتی ئەگەر بەجێکردن تەواو بێت، ئێمە لیستی مووچەمان ناوێت."
سەمیر هەورامی ئاماژە بەوە دەکات، ئەو توێژانەی کە بایۆمەترییان نەکردووە، بەغدا مووچەی ئەوانیش خەرج دەکات.
بۆ لیستی مووچەی مانگی ئاب، وەزارەتی دارایی عێراق داوای تەواوکردنی بایۆمەتریی مووچەخۆران و کۆدی فەرمانبەرانی کردووە و داوایکردووە ناوی دووبارە و کێشەکانی پێشوو لە لیستەکەدا نەبێت.
ئەمڕۆ 16ی ئەیلوولی 2024ـە، تاوەکو ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئابییان وەرنەگرتووە.
دوای دوو رۆژ لە دانوستاندنیان، ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری عێراق و ئەنجوومەنی باڵای ئابووری هەرێمی کوردستان، شەوی دووشەممە، 9-9-2024، راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو: "ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بڕیاری دا بە پێشکەشکردنی راسپاردەیەک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ ئاڕاستەکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچە راگیراوەکانی هەرێم [ـی کوردستان]، ئەوانەی بەهۆی تەواونەکردنی بایۆمەتری دوورخرابوونەوە".
رۆژی 8ی ئەیلوول، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بێت.