نرخی زێڕ ئاستێکی مێژوویی دیکەی تۆمار کرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ ئاستێکی نوێی مێژوویی تۆمار کرد و ئەمڕۆ دووشەممە یەک ئۆنسەی بۆ 2586 دۆلار بەرزبووەوە. هاوکات ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە کە رۆژی چوارشەممە بڕیاری لەسەر دەدات، بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2024، لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ زیاتر بەرزبووەوە و گەیشتە 2586 دۆلار.
 
بەپێی شرۆڤەکاران، ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە.
 
دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە و سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ.
 
بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمڕۆ دووشەممە بە ریژەی 0.1٪ دابەزی و ئەوەش کڕینی زێڕی بۆ ئەو وڵاتانەی کە بە دراوێکی دیکەی جگە لە دۆلار مامەڵە دەکەن هەرزانتر کردووە.
 
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا 2608 دۆلاریشی تێپەڕاندووە.
 
بەپێی راپرسییەکان، ئێستا 52٪ چانسی کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بە ریژەی 0.50٪ لە ئارادایەوە؛ ئەوەش دەتوانێت نرخی زێڕ زیاتر بەرزبکاتەوە.
 
نرخی نەوتی برێنت لە 72 دۆلار نزیکبووەوە 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوتی برێنت 15 سەنت بەرزبووەوە بە 71 دۆلار و 64 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 14 سەنت بەرزبووەوە بە 68 دۆلار و 81 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەهۆی داتا لاوازەکانی ئابووری چین لە رۆژی هەینی نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
 
بەڵام ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بەڕێژەی 0.5٪ بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی کاریگەری داتا نەرێنییەکانی چین لەسەر بازاڕ کەمبێتەوە.
 
پریانکا ساجێدڤا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (فلیپ نۆڤا) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "بازرگانان نیگاکانیان خستووەتەسەر بڕیارەکەی رۆژی چوارشەممەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا."
 
ئەو شرۆڤەکارە هەروەها دەڵێت، هێشتا بەشێک لە دامەزراوە نەوتییەکانی ئەمریکا لە کەنارە ئاوییەکانی کەنداوی مەکسیکۆ بەتەواوەتی نەگەڕاونەتەوە دۆخی ئاسایی و ئەوەش پاڵپشتی زیاتری بۆ نرخی نەوت درووستکردووە."