رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ گەیشتە 2500 دۆلار و 99 سەنت، بەڵام بەزوویی دەستی بە دابەزین کرد.
کاتی نووسینی ئەم هەواڵە، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بریتییە لە 2495 دۆلار، بەڵام ناجێگیرە و وادیارە بەچڕیی کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت.
تەنیا لە ماوەی ئەم ساڵدا، بەهۆی ناجێگیری دۆخی ئەمنی لە جیهاندا و کڕینی بە بڕی زۆر لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی وڵاتانەوە، نرخی زێڕ 20% بەرزبووەتەوە.
هەر ئەم ساڵ، ئەمە پێنجەم جارە کە کانزا زەردەکە بەرزترین ئاستی خۆی لە مێژوودا تۆمار بکات.
بانکی J.P. Morgan لە نێوەڕاستی مانگی رابردوو لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو، کە ئەم ساڵ زێڕ باشترین ئاستەکانی خۆی پێشاندەدات و زووتریش وەک لەوەی پێشبینی دەکرێت، ئاستی نوێ تۆمار دەکات.
گریگۆری شێرەر، بەرپرسی بەشی ستراتیجیی کانزا بەنرخەکان لە بانکی J.P. Morgan دەڵێت، "کاتێک خەڵکی دڵنیا نین و جیهان ئارام نییە، موڵک دەکڕن؛ زێڕیش موڵکە".
گرانبوونی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا کاریگەری دەخاتە سەر بازاڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش؛ چاوەڕێ دەکرێت کاتێک سبەی شەممە بازاڕەکان دەکرێنەوە، نرخی زێڕ بەرزتر بووبێتەوە، کە دوایین جار [دوێنێ پێنجشەممە] مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 520 هەزار دینار دەفرۆشرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ