وەزیری نەوتی عێراق: 65٪ـی سووتاندنی گازی هاوەڵ راگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند بەهۆی وەبەرهێنانییەوە، 65٪ـی سووتاندنی گازی هاوەڵ راوەستاوە، دەشڵێت وڵاتەکەی بەنیازە تاوەکو 2028 هەموو سووتاندنێکی گازی هاوەڵ رابگرێت.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، گرێبەست بۆ راگرتنی سووتاندنی گازی هاوەڵ و وەبەرهێنانی لە سەرجەم کێڵگەکانی گاز دا کراوە. پێشیوایە بەهۆی ئەوەی ئیسانی تێدایە و لە پیشەسازییەکانی پترۆکیمیایی بەکاردێت، گازی عێراق لە جیهاندا گرنگیی خۆی هەیە.
وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت: "هیچ زەحمەتی یان کێشەیەکی هونەری لە پڕۆسەی پەرەپێدانی کێڵگە و شوێنەکاندا لە چوارچێوەی گەڕی پێنجەمی تەواوکاری و شەشەمی مۆڵەتەکانی نەوتدا نییە، سەرجەم ئەو زانیارییانەی کۆمپانیاکان پێویستیان پێیەتی بەردەستە و توێژینەوەی تایبەت بۆ ئەو بابەتە کراوە
بەپێی گەڕەکانی مۆڵەتی پێنجەمی تەواوکاری و شەشەم عێراق بەرهەمهێنانی بە 700 بۆ 750 هەزار بەرمیل نەوت زیاد دەکات، جگە لە وەبەرهێنانی 850 مەقمەقی گاز لە رۆژێکدا،
سەبارەت بە سووتاندنی گازی هاوەڵ، وەزیری نەوتی عێراق گوتی: "ئەوەی ئێستا دەسووتێت تەنیا 35٪ـی کۆی گشتی گازی هاوەڵە.. پێشتر لەگەڵ کۆمپانیای بیکەر هیوزی ئەمریکی گرێبەست کراوە بۆ وەبەرهێنانی گاز لە پارێزگای زیقار و ئێستا جێبەجێ دەکرێت، هەروەها گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی تۆتاڵی فەڕەنسی بۆ وەبەرهێنانی گاز لە پێنج کێڵگە کە کێڵگەکانی مەجنوون، رۆژئاوای قوڕنە 2، لحێس، تۆبە ئەرتاوی، بەو گرێبەستانە سەرجەم گازی سووتێندراو رادەگیرێت."
وەزیری نەوت باسی کاتی راگرتنی یەکجارەکی سووتاندنی گازی هاوەڵی کرد و گوتی: "وەزارەتی نەوت لەگەڵ سەرەتای ساڵی 2028 سووتاندنی گاز رادەگرێت. هەموو ئەو گازەش بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و پیشەسازییەکانی دیکە بەکاردەهێنێت."