بەشێکی دیکەی پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەکرێت

16-08-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو- هەولێر 

رۆژی چوارشەممە، سایلۆی هەولێر بەشێکی دیکە پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەکات کە بڕەکەی 30 ملیار دینارە.
 
رۆژی سێشەممە 16-8-2022، سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی چوارشەممە سایلۆی هەولێر دەست بە دابەشکردنی بڕی 30 ملیار دیناری شایستەی دارایی جووتیاران بۆ ساڵی 2022 دەکات. "
 
سەعید عومەر دەڵێت: "تا ئێستا تاوەکو ژمارەی چەکی 1426 پارەی جووتیاران دابەشکراوە؛ بۆیە ئەوانەی ژمارەی چەکەکانیان 1427 تاوەکو 2631ـە، دەتوانن سبەی چوارشەممە 17-8-2022 سەردانی سایلۆی هەولێر بکەن بۆ وەرگرتنی شایستەکانیان."
 
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر باسی لەوەش کرد کە چاوەڕوان دەکرێت هەفتەیەک تاوەکو 10رۆژی دیکە 36 ملیار دیناری دیکە وەک شایستەی جووتیاران بگاتە سایلۆکە و دەست بە دابەشکردنی بکرێت. 
 
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر هەروەها گوتیشی: "ئەمساڵ پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆی هەولێر 68 رۆژ بەردەوام بوو و لەو ماوەیەدا نزیکەی 123 هەزار تۆن گەنم رادەستکرا. تاوەکو ئێستا نزیکەی 33 ملیار و 250 هەزار دینار وەک شایستە رادەستی جووتیاران کراوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە