سۆمۆ: مانگی رابردوو داهاتی نەوتی عێراق گەیشتە 10.5 ملیار دۆلار

16-08-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق ناسراو بە سۆمۆ رایگەیاند، عێراق لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا زیاتر لە 102 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردووە، داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە زیاتر لە 10 ملیار و 541 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی. 
 
رۆژی سێشەممە 16-8-2022، عەلا خدر یاسری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: "لە مانگی تەممووز عێراق 102 ملیۆن و 385 هەزار و 49 بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کرد، داهاتی ئەو نەوتەش بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان گەیشتە زیاتر لە 10 ملیار و 541 ملیۆن و 594 هەزار دۆلار." 
 
عەلا یاسری گوتیشی، "رێکخراوی ئۆپێک بەمدواییە عێراقی پابەند کرد بە زیادکردنی هەناردەی نەوتی خۆی رۆژانە بۆ 3 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل. ئەم زیادکردنەش لەگەڵ پلانەکانی عێراق بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئۆپێک و وڵاتانی هاوپەیمانی گونجاوە." 
 
رێکخراوی ئۆپێک، لە مانگی رابردوودا، هەناردەی نەوتی خۆی رۆژانە بە نزیکەی 216 هەزار بەرمیل زیاد کرد، بەمەش هەناردەی رۆژانەی ئۆپێک بۆ 28 ملیۆن و 896 هەزار بەرمیل زیاد بوو. ئەمەش بە زیادکردنی هەناردەی حەوت وڵاتی ئەندامی ئۆپێک بەدیهات، کە عێراق یەکێکیانە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە