قەیرانی دارایی، سامانی ئاژەڵ دەبووژێنێتەوە

16-08-2016
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن ئاژەڵی ماڵی قەیرانی دارایی سامانی ئاژەڵ
A+ A-

رووداو- هەولێر

ژمارەی ئاژەڵی ماڵی لە هەرێمی كوردستان زۆر بە سستی زیاد دەكات. بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵ هۆكارەكەی بۆ وشكەساڵی لە ساڵانی رابردوو، شێوازی كلاسیكیانەی بەخێوكردن و گرانیی نرخی ئالیك و خواستی زۆر لەسەر گۆشتی سوور دەگەڕێنێتەوە. بەڵام دەشێت هۆكارێكی دیكەی، ئەو هەڕەشەیە بێت كە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی سیاسەتی هەڵەوە، لەسەر ژیاندنی گوندنشینی پەیدا بوو.

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ساڵی 2007 هەرێمی كوردستان خاوەنی 5 ملیۆن و 295 هەزار سەر ئاژەڵ بووە لە مەڕ و بزن و ڕەشەوڵاخ، كەچی لەساڵی 2008دا بە رێژەی 35% كەمی كردووە و ساڵی 2009 تەنیا 3 ملیۆن و 441 هەزار ئاژەڵ ماوەتەوە.

بەپێی دوایین داتاش كە ساڵی رابردوو لەڕێی تیمەكانی كوتان و دابەشكردنی ئالیكەوە دەست وەزارەتی كشتوكاڵ كەوتووە، 4 ملیۆن و 597 هەزار سەر ئاژەڵ لە هەرێمی كودستان هەن، واتە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا تەنیا ملیۆنێك و 155 هەزار ئاژەڵ زیادی كردووە، ئەم زیادبوونەش بەراورد بە ستانداردی جیهانی زۆر كەمە.

رەمەزان محەممەد، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵا و سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت "ساڵانە رێژەیەك لە ئاژەڵ زیاد دەكات، بەڵام بەراورد بە ستانداردی جیهانی زۆر كەمە، بۆ نموونە لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا دەبووایە ژمارەی ئاژەڵەكانی هەرێمی كوردستان بگاتە 8 ملیۆن، بەڵام لەو ماوەیەدا تەنیا ملیۆنێك و155 هەزار ئاژەڵ زیادی كردووە. ئەمە گەشەیەكی زۆر هێواشە".

هۆكارەكە چییە؟

رەمەزان محەممەد، كاریگەریی وشكەساڵی لە ساڵانی رابردوودا، شێوازی كلاسیكیانەی بەخێوكردن، گرانیی نرخی ئالیك، زۆریی خواست لەسەر گۆشتی سوور، دامەزراندنی خەڵك بە لێشاو، سستیی هەنگاوەكانی كەرتی تایبەت بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی هاوچەرخ بەهۆكاری پاشەكشێی زیادبوونی ژمارەی ئاژەڵ لە هەرێمی كوردستان دەبینێ و دەڵێت "تاوەكو كەرتی تایبەت بە پڕۆژەی گەورە نەیەتە پێشەوە و ئاژەڵداران واز لەشێوازی كلاسیكیانەی بەخێوكردنی ئاژەڵ نەهێنن، بازاڕێك بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی شیرەمەنییەكان و خوری و پێستە نەدۆزرێتەوە، ژمارەی ئاژەڵ لە هەرێمی كوردستان وەكو پێویست زیاد نابێ".

بۆ كەمكردنەوەی گوشاری سەربڕین لەسەر ئاژەڵی خۆماڵی، ماوەی چەند ساڵێكە وەزارەتی كشتوكاڵ سەربڕینی ئاژەڵی مێیینەی، بەتایبەت ئەوانەی توانای وەچە خستنەوەیان هەیە، لە كوشتارگەكان قەدەغە كردووە، بەپێی پێویستیش رێ بە هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو و گۆشتی بەستوو دەدات، بەڵام ئەمە كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر زیادبوونی ژمارەی ئاژەڵ نەبووە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ لە پارێزگای هەولێر، ئێستا لە سنووری ئەو پارێزگایە ملیۆنێك و 376 هەزار و 246 سەر مەڕ و بزن و 175 هەزار و 329 سەر رەشەوڵاخ بەخێودەكرێن.
عەبدولخالق عەبدولقادر، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە هەولێر دەڵێت "دوای وشكەساڵییەكەی 2008، لە ملیۆنێك و 128 هەزار سەر مەڕ و بزن تەنیا نزیكەی 800 هەزار سەر مایەوە، ئەم ژمارەیەش ئەگەر بەپێی ستاندارد وەچەیان زیادبووایە، دەبووایە ئێستا زیاتر لە 2 ملیۆن و 288 هەزار سەر مەڕ و بزنمان هەبووایە. ئەمە ئەوە دەردەخات كە زیادبوونی ئاژەڵ لە ئاستێكی لاوازدایە".

جگە لەو هۆكارانەی بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ باسی كردن، عەبدولخالق دەڵێت "خووری و ماست و گۆشت وەكو پێویست پارە ناكات، هەروەها رێژەی مردنی ئاژەڵ زۆرە، ئاژەڵدارانیش شوانیان دەست ناكەوێت".

بە گوتەی عەبدولخالق عەبدولقادر، هێرشەكانی دووساڵی رابردووی داعش بۆ سەر ناوچەكانی مەخموور و گوێڕ كە ناوچەی گرنگی بەخێوكردنی ئاژەڵن لە سنووری پارێزگای هەولێر، كاریگەریی زۆریان لەسەر كەمبوونەوەی ژمارەی ئاژەڵان لە پارێزگای هەولێر هەبووە "بەهۆی شەڕەوە زۆربەی ئاژەڵداران بە ناچاری ئاژەڵەكانیان فرۆشت".  

بەبڕوای ئەو، تاكە رێگە بۆ زیادبوونی ئاژەڵ لە هەرێمی كوردستان هاندانی كەرتی تایبەتە بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی گەورەی بەخێوكردنی ئاژەڵ.

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەی ئاو، پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان زۆرترین ئاژەڵی هەیە، 33.6%ی ئاژەڵانی هەرێمی كوردستان لەو پارێزگایەدان، بەڵام بەراورد بە پارێزگاكانی دیكە دانیشتووانی سلێمانی زۆرترین رێژەی گوشتی سوور دەخۆن، ئەمەش كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی ژمارەی ئاژەڵ لەو پارێزگایەدا هەبووە.

شەوكەت عەزیز، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە پارێزگای سلێمانی، لەبارەی هۆكاری كەمبوونی ژمارەی ئاژەڵ دەڵێت "ساڵی 2002 لە سنووری پارێزگای سلێمانی 68 هەزار خاوەن ئاژەڵمان هەبوو، بەڵام لەدوای رووخانی رژێمی عێراق بەهەزاران لەو ئاژەڵدارانە وازیان هێناو بوونە مووچەخۆری حكومەت، ئێستا نزیكەی 20 هەزار ئاژەڵدارمان ماوە".

شەوكەت گوتیشی "زۆریی خواست لەسەر گۆشتی سوور لە پارێزگای سلێمانی كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی ژمارەی ئاژەڵ هەبووە، چونكە ساڵانە لە پارێزگای سلێمانی نزیكەی 28 هەزار تۆن گۆشتی سوور دەخورێت، 66.4%ی ئەم گۆشتەش بەرهەمی ناوخۆیە".

لەسنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆنم لەوەڕگا هەیە، ئەمەش وای كردووە بەشی زۆری ئاژەڵدارانی ئەم پارێزگایە بۆ خۆراكی ئاژەڵەكانیان پشت بە لەوەڕگای سروشتی ببەستن.
 شەوكەت عەزیز دەڵێت "نزیكەی 90%ی ئاژەڵدارانی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ ئالیكی ئاژەڵەكانیان پشت بە لەوەرگای سروشتی دەبەستن، بۆیە وشكە ساڵی كاریگەریی كوشندەی لەسەر گەشەنەكردنی ژمارەی ئاژەڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەبووە".

شەوكەت عەزیز گەشبینە بە زیادبوونی ژمارەی ئاژەڵداران لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەڵێت "قەیرانی دارایی لەوانەیە ببێتە خێر بۆ دووبارە زیادبوونی ژمارەی ئاژەڵداران لە سلێمانی، ئێستا كۆچی پێچەوانەی خەڵك لە شارەوە بۆ گوندەكان دەستیپێكردووە، زۆربەشیان بە كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریكن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە