نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژووی خۆی

16-07-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو-هەولێر

نرخی زێڕ زیاتر لە 40 دۆلار دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە بەرزترین لە مێژووی مامەڵەکانیدا. بەو نرخەی ئێستا، سبەی نرخی مسقاڵی زێڕیش بەرزدەبێتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 18:00 بە کاتی هەولێر، نرخی زێڕ 41 دۆلار بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک گەیشتە 2 هەزار و 463 دۆلار. ئەوەش بەرزترین ئاستی مێژووە.
 
گەشبینی بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە.
 
وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند، هەڵاوسان لە مانگی رابردوودا لە ئەمریکا بۆ 3٪ دابەزیوە. لە مانگی ئایاردا رێژەکە 3.3٪ بوو.
 
دابەزینی هەڵاوسان ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە ئەمریکا زیاتر دەکات لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا. ئەمە پێشبینی دەکرێت نرخی دۆلار دابەزێنێت و زێڕ بەرزبکاتەوە.
 
"مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 دەگاتە 515 هەزار دینار"
 
بەو نرخەی ئێستای ئۆنسە، سبەی نرخی مسقاڵی زێڕ لە هەرێمی کوردستان 5 هەزار دینار بەرزدەبێتەوە.
 
دانا وەرتێ، ئەندامی سەندیکای زێڕینگرانی هەرێمی کوردستان- لقی هەولێر بە رووداوی گوت، "بەو نرخەی ئێستای ئۆنسە (ئەگەر نەگۆڕێت)، سبەی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 دەگاتە 515 هەزار دینار".
 
ئێستا مسقاڵێکی عەیار 21 بە 510 هەزار دینارە کە ئەویش بەرزترین ئاستی مێژوویەتی.
 
پێش بەرزبوونەوە پێوانەییەکەی ئەمڕۆی ئۆنسە، نرخی فرۆشتنی زێڕ بەپێی سەندیکای زێڕینگران بەم شێوەیە بووە:
 
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24 بە 580,000 دینار بوو
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22 بە 535,000 دینار بوو
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21 بە 510,000 دینار بوو
مسقاڵێک زێڕ عەیار 18 بە 440,000 دینار بوو
 
دانا وەرتێ دەڵێت، ئاراستەی نرخی زێڕ بە گشتی بەرەو بەرزبوونەوەیە و رەنگە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 2 هەزار و 500 دۆلار.
 
گۆڕانی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دوو هۆکار؛ نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی نێوخۆ. هاوتەریب لەگەڵ نرخی ئۆنسە لە لایەک و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار هەڵبەز و دابەز دەکات.
 
لە 4ـی ئەم مانگەوە نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە زیاتر لە 500 هەزار دینار جێگیرە.
 
"ترەمپیش هۆکارە"
 
تەنیا لە ئەم ساڵدا، ئەمە چوارەمین جارە نرخی زێڕ ژمارەی پێوانەیی بەرزترین ئاستی مێژوو دەشکێنێت.
 
گرەوی بازرگانان لەسەر ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان لە هەڵبژاردن سەردەکەوێت و دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا، هۆکارێکی دیکەیە بۆ بەرزبوونەوەی زێڕ، بەتایبەتی دوای هەوڵی تیرۆرکردنی.
 
لە ئەگەری سەرکەوتنیدا چاوەڕوان دەکرێت زیادکردنی باج یەکێک بێت لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، ئەوەش ئەگەری لێدەکرێت هاوسەنگی دارایی لە ئەمریکا لاسەنگ بکات و ببێتە هۆی لاوازیی دۆلار کە ئەوەش بە قازانجی زێڕ دەشکێتەوە.

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە