سەرچاوەیەک بۆ رووداو: کێشەى مووچەى وەزارەتى کارەبا و پەرلەمان چارەسەرکراوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، کێشەى مووچەى وەزارەتى کارەبا و پەرلەمانى کوردستان چارەسەرکراوە و بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتاى هەفتەى داهاتوو وەزارەتى دارایی عێراق پارەی مووچەیان بۆ بنێرێت.
 
ئەو سەرچاوەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، کێشەى مووچەى مانگى حوزەیرانى پەرلەمانى کوردستان و وەزارەتى کارەبا چارەسەرکراوە کە پێشتر بەهۆى ئەوەى وەزارەتى دارایی عێراق تێبینی لەبارەی لیستەکانیان هەبوو، پارەی بۆ مووچەیان نەنارد. 
 
کێشەى مووچەى پەرلەمانى کوردستان جیاوازیى میلاک بوو لەگەڵ مانگى رابردوو کە حەوت فەرمانبەر زیادبوون و لەلایەن دیوانى چاودێریى دارایی عێراقەوە چارەسەکراوە؛ کێشەى وەزارەتى کارەباش لەسەر 2400 پۆلیسی کارەبا بووە و میلاکیان بۆ سەر وەزارەتى ناوخۆ گوێزراوەتەوە و بەوەش کێشەکە چارەسەر کراوە. 
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی، چاوەڕوان دەکرێت رۆژى پێجشەممە یان سەرەتاى هەفتەى داهاتوو پارەى مووچەى مانگى حوزەیرانى پەرلەمان و وەزارەتى کارەبا لەلایەن وەزارەتى دارایی عێراقەوە بنێردێت.
 
رۆژی 9ـى تەممووز، وەزارەتى دارایی عێراق 421 ملیار و 760 ملیۆن دینارى وەکو بەشێک لە شایستەی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی شارستانیی هەرێمی کوردستان نارد، دواى ئەوەى پێشتر 231 ملیار و 405 ملیۆن و 531 هەزار دیناری دیکەى مووچەى کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، زیندانیانی سیاسی، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی نارد، بێ ئەوەى پارەى مووچەى پەرلەمان و وەزارەتى کارەباى تێدابێت.