مووچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەکان دابەشدەکرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە رووداوی راگەیاند، مووچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان نێردراوە و ئێستا پارەکە لەسەر هەژماری هەرێمی کوردستانە. مووچەی مانگەکانی پێنج و شەش بەو پارەیە دابەشدەکرێت.
 
لای خۆیەوە، سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بڕی 676 ملیار دینار لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیرانی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
 
ئەو سەرچاوەیە بە رووداوی گوت، سبەی چوارشەممە، دەست بە دابەشکردنی پارەکە دەکرێت. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەنگەر عەبدولرەحمان، پێشکێشکاری رووداو، لە سبەیەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکان دەکرێت و خشتەکە بەمجۆرەیە: سبەی چوارشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایش، پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆ هەردوو مووچەکە وەردەگرن، دوو سبەی پێنجشەممە، زێرەڤانی، یەکەکانی 70 و 80، بەرگریی فریاکەوتن دوو مووچە وەردەگرن. 
 
سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ مانگەکانی داهاتوو ئەم دواکەوتنی مووچەیە چارەسەر دەبێت؛ لەگەڵ هاتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، مووچەی هێزە ئەمنییەکانیش دێت. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینییان لە لیستی مووچەی وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانی کوردستان تەواوکردووە و هیچ کێشەیەک لە لیستی میلاکان و مووچەی ئەو دوو دامەزراوەیە نییە، کۆتایی ئەم هەفتەیە بۆ هەردوو دیوانەکە دیاریکراوە بۆ وردبینیکردنی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و ئەو دامەزراوانەی ماون.
 
هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ یەکشەممە، 15ـی تەممووزی 2024، "دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان سەردانیان کردین بۆ وردبینیکردن لە لیستی میلاکات و مووچە، دەرکەوت هیچ کێشەیەک لە لیستەکانی ئێمەدا نییە و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دانیان بەوەدا نا کە کێشەمان نییە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لیژنە هاوبەشەکەی دیوانی چاودێریی دارایی هەردوو حکومەتی ناوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان، وردبینیی لیست و میلاکاتی وەزارەتی کارەباشیان کردووە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ماون، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە کاری لێژنەکە تەواو بێت و بە ئەگەری زۆرەوە هەفتەی داهاتوو مووچەی ئەو شوێنانە خەرج بکرێت.
 
دیوانی چاودێری لە هەردوو حکومەت دوای ئامادەکردنی راپۆرتەکەیان؛ رادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی دەکەن و بەپێی ئەو زانیارییانەی بە رووداو دراوە، لە ژمارەی فەرمانبەران، لیستی مووچە، هیچ کێشەیەک لە وەزارەتی کارەبا و پەرلەمان کە مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتووە نییە.
 
لە رۆژی دووشەممە، 8ـی ئەم مانگەوە شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە هەولێرە و وردبینی لیستی مووچە و میلاکات دەکات، بەتایبەت لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی کوردستان.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

چاودێریی دارایی عێراق کۆتایی ئەم هەفتەیە راپۆرتی وردبینیی لیستی مووچە ئامادە دەکات

دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینییان لە لیستی مووچەی وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانی کوردستان تەواوکردووە و هیچ کێشەیەک لە لیستی میلاکان و مووچەی ئەو دوو دامەزراوەیە نییە، کۆتایی ئەم هەفتەیە بۆ هەردوو دیوانەکە دیاریکراوە بۆ وردبینیکردنی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و ئەو دامەزراوانەی ماون.