عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.
 
ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق و سەرۆکی تیمی عێراقی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی (WTO)، رایگەیاند: "کۆبوونەوە سەرەتاییەکانمان بۆ دانوستاندن لەبارەی ئەندامبوونی عێراق لە رێکخراوی بازرگانیی جیهان دەستپێکردووەتەوە کە 16 ساڵ بوو راگیرابوون."
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، ریاز فاخیر، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکیی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رایگەیاندووە، تیمەکانی دانوستاندنی عێراق لە بارەگای رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ دەستیان بە کۆبوونەوە بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ کۆبوونەوەی سێیەمی تیمەکە بۆ بەئەندامبوونی عێراق لەو رێکخراوە کردووە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، یەکەم کۆبوونەوەی ئامادەکاری لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشی بەئەندامبوون و پسپۆڕانی رێکخراوەکە کۆبوونەتەوە، شاندی عێراق بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی ئابووری و ئەندامێتی نوێنەرانی ژمارەیەک لە وەزارەتەکان و نوێنەری هەرێمی کوردستان بووە، تێیدا تاوتوێی دیارترین ئەو دۆسیە و بەڵگەنامانە کراوە کە عێراق پێشکێشی کردوون. 
 
راگەیێندراوەکە باسی لەوەشکردووە، کۆبوونەوەی سێیەمی تیمەکە کە وەزیری بازرگانیی عێراق سەرۆکایەتی دەکات، هەموو ئەو دۆسیە و بەڵگەنامەی تێدا دەخرێنەڕوو کە لێژنەی تایبەت بەو بابەتە ئامادەی کردوون.
 
حکومەتی عێراق دەیەوێت ببێتە ئەندامی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی و بۆ ئەو مەبەستە لە ساڵی 2024 داواکاریی پێشکێش کردووە. عێراق مەبەستیەتی لە رێگەی ئەندامبوون لە رێکخراوەکە، رۆڵی خۆی لە ئابووریی جیهان زیادبکات.
 
WTO تاکە رێکخراوی نێودەوڵەتییە کە یاسا بازرگانییەکانی نێوان وڵاتان رێکدەخات. رێکخراوەکە لە 1ـی کانوونی دووەمی 1995 دامەزراوە و بارەگا سەرەکییەکەی لە شاری جنێڤە لە سویسرا.
 
ئامانجی رێکخراوەکە، وەک لە کارنامەکەیدا هاتووە، هاوکاریکردنی وڵاتانە لە کارئاسانیی بۆ رێککەوتن و پرۆسەی بازرگانی. هەروەها دەبێتە سەکۆیەک بۆ ئەندامانی بۆ گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنی بازرگانی و چارەسەرکردنی کێشە بازرگانییەکانی نێوانیان.