نەوتی کوردستان لە کەمتر لە 7 ساڵدا؛ 52 ملیار دۆلار داهات و 5 ملیاریش خەرجیی گواستنەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی رێکخراوی روونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، لەماوەی کەمتر لە 7 ساڵدا داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 52 ملیار و 552 ملیۆن دۆلار بووە، لەو بڕە زیاتر لە 5 ملیار دۆلار بۆ خەرجی گواستنەوە رۆیشتووە.
 
لە نوێترین راپۆرتیدا لەبارەی خەرجی و داهاتەکانی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، رێکخراوی روونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، بە پشتبەستن بە راپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت کە تایبەتە بە وردبینی لە کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان، داهاتەکان و وردەکاری خەرجیی گواستنەوەی نەوتی کوردستانی بڵاوکردەوە.
 
52 ملیار دۆلار، داهاتی کەمتر لە 7 ساڵ
 
بەپێی راپۆرتەکە کە تایبەتە بە ماوەی نێوان ساڵانی 2017 تاوەکو راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان بە لێککەوتەی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە 25ـی ئاداری ساڵی 2023، داهاتەکان زیاتر لە 52 ملیار و 726 ملیۆن و 378 ملیار دۆلار بووە، کە بەپێی ساڵەکان بەمشێوەیە دابەش دەبێت: 
 
داهاتەکان بەپێی ساڵەکان:
 
2017
7 ملیار و 923 ملیۆن دۆلار
2018 
7ملیار و 914 ملیۆن دۆلار
2019
8 ملیار و 438 ملیۆن دۆلار
2020
4 ملیار و 448 ملیۆن دۆلار
2021
9 ملیار و 125 ملیۆن دۆلار
2022
12 ملیار و 422 ملیۆن دۆلار 
 
- چارەگی یەکەمی 2023 (لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو 25ـی ئادار) 2 ملیار و 452 ملیۆن دۆلار.
 
یادگار سدیق گەڵاڵی، سەرۆکی رێکخراوی روونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، لەبارەی راپۆرتەکەوە بە رووداوی گوت "راپۆرتەکە ژمارەکانی نێو راپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیتە و کۆکراونەتەوە، خەرجیی گواستنەوە زۆرە، لەنێو هەرێمی کوردستان هەندێک جار خەرجییەکان گەیشتوونەتە 14٪، بۆیە بەپێی ساڵەکان دەگۆڕێت، گواستنەوەی نەوت لەنێو تورکیاشەوە تاوەکو بەندەری جەیهان زۆرە و لە 4.5٪ تاوەکو 21٪ دەبێت."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، بوونی بۆرییەکە لەلای کۆمپانیای کەرتی تایبەت یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی زیادبوونی خەرجیی گواستنەوەی نەوتی کوردستان.
 
10.5%ـی داهاتەکان خەرجی بووە
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکە، خەرجیی گواستنەوەی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لەو ماوەی دیاریکراوە، 5 ملیار و 552 ملیۆن و 378 هەزار دۆلار بووە، واتە خەرجیی گواستنەوە رێژەی 10.53٪ـی کۆی داهاتەکان دەکات.
 
خەرجییەکانی گواستنەوەی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، لە دوو جۆر خەرجیی سەرەکی پێکدێت، ئەوانیش خەرجییەکانی گواستنەوەی نەوت لەنێوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان، کە بەمشێوەیەیە:
 
1- خەرجییەکانی گواستنەوەی نەوت لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان:
2 ملیار و 644 ملیۆن دۆلار
 
ئەمانیش بەمشێوەیە دابەش دەبن:
 
- هێڵی بۆریی هەرێمی کوردستان:
2 ملیار و 564 ملیۆن دۆلار 
 
- خەرجییەکانی پشکنینی بۆری:
29 ملیۆن و 294 هەزار دۆلار
 
- گواستنەوە بە تانکەر:
50 ملیۆن و 958 هەزار دۆلار
 
2- خەرجییەکانی گواستنەوەی نەوت لەنێو تورکیا:
2 ملیار و 907 ملیۆن دۆلار
 
خەرجییەکانی گواستنەوە لە نێوخۆ 
 
رێکخراوی روونبین، وردەکاریی زیاتری لەبارەی خەرجییەکانی گواستنەوە بڵاوکردووەتەوە، بەپێی ئەو رێکخراوە تەنیا خەرجییەکانی (هێڵی بۆریی هەرێمی کوردستان) بۆ گواستنەوەی نەوت لەنێو کوردستاندا دوو ملیار و 564 ملیۆن دۆلار بووە، بەپێی ساڵەکان بەمشێوەیە بووە:
 
2017
لە راپۆرتەکاندا زانیاری نییە
 
2018
لە راپۆرتەکاندا زانیاری نییە
 
2019
644 ملیۆن و 372 هەزار دۆلار
 
2020
645 ملیۆن و 604 هەزار دۆلار
 
2021
870 ملیۆن و 174 هەزار دۆلار
 
2022
274 ملیۆن و 818 هەزار دۆلار
 
2023 لەسەرەتای ساڵەوە تاوەکو راوەستانی هەناردەکردن
129 ملیۆن و 303 هەزار دۆلار
 
گواستنەوەی نەوت لە سنوورەوە تاوەکو بەندەری جەیهان
 
راپۆرتی ئەو رێکخراوە، خەرجییەکانی گواستنەوەی نەوتی کوردستانی لەماوەی ئاماژەبۆکراو لە سنوورەوە واتە لەکۆتایی خاڵی سنووری هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو بەندەری جەیهان بە 2 ملیار و 907 ملیۆن دۆلار دیاریکردووە، بەمشێوەیە بەپێی ساڵەکان دابەش دەبێت:
 
2017
480 ملیۆن و 984 هەزار دۆلار
 
2018
436 ملیۆن و 249 هەزار دۆلار
 
2019
494 ملیۆن و 186 هەزار دۆلار
 
2020
304 ملیۆن و 492 هەزار دۆلار
 
2021
434 ملیۆن و 412 هەزار دۆلار
 
2022
618 ملیۆن و 129 هەزار دۆلار
 
2023 لەسەرەتای ساڵەوە تاوەکو راوەستانی هەناردەی نەوت
139 ملیۆن و 397 هەزار دۆلار 
 
50 ملیۆن دۆلار خەرجی گواستنەوە بە تانکەر لە کێڵگەوە بۆ هێڵی بۆری
 
راپۆرتەکەی رێکخراوی روونبین بۆ شەفافییەت لە پرسەکانی نەوت، وردەکاریی ئەو خەرجییانەشی خستووەتەڕوو کە بۆ گواستنەوەی نەوت بە تانکەر لە کێڵگەوە بۆ هێڵی بۆری کراون، ئەم خەرجییانە لە ماوەی نێوان ساڵی 2017 تاوەکو 25ـی ئاداری 2023، بەپێی ساڵەکان بەمشێوەیە بووە:
 
2017
4 ملیۆن و 279 هەزار دۆلار
 
2018
9 ملیۆن و 772 هەزار دۆلار
 
2019
10 ملیۆن و 450 هەزار دۆلار
 
2020
108 هەزار دۆلار
 
2021
14 ملیۆن و 978 هەزار دۆلار
 
2022
11 ملیۆن و 369 هەزار دۆلار
 
2023 لە سەرەتای ساڵ تاوەکو راوەستانی هەناردەکردن
دیار نییە
 
لە راپۆرتەکەدا بەشێک بەناوی خەرجییەکانی دروستکردنی هێڵی گاز لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بە گوێرەی راپۆرتەکە ئەو خەرجییانە لە دوو ساڵدا دیاریکراون کە بڕی 126 ملیۆن و 525 هەزار دۆلار بووە، لە ساڵی 2019، یەک ملیۆن و 525 هەزار دۆلار بووە، لەساڵی 2022ـشدا 125 ملیۆن دۆلار بووە.
 
یادگار سدیق گەڵاڵی دەڵێت "هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی هەبوو بۆ هەناردەکردنی گاز لەرێگەی کۆمپانیای بیانییەوە، بەڵام پێناچێت دروستکردنی ئەو هێڵانەی بۆریی بۆ ئەو مەبەستە بووبێت، بەڵکو مەبەست لە خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە بە ئەگەری زۆرەوە بۆ دروستکردنی هێڵی نێوخۆیی گاز بووە."