بەهۆی خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی چین، نرخی نەوت دابەزی

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت، ئەمڕۆ نرخی نەوت لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی.
 
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 23 سەنت دابەزی و بە 84 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەر ئەمڕۆ (سێشەممە، 16-7-2024) نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 30 سەنت دابەزی و، بە 81 دۆلار و 60 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەپێی ناوەندە فەرمییەکانی چین، ئابووریی ئەو وڵاتە لە چارەگی دووەمی ئەمساڵدا کەمتر لە ئاستی چاوەڕوانییەکان گەشەی کردووە. هۆکاری سستیی گەشەی ئابووریی چین بۆ قەیرانی خانووبەرە و لاوازی بازاڕی کاری ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە.
 
لە چارەگی دووەمی ئەمساڵدا، ئابووریی چین بەڕێژەی 4.7٪ گەشەی کردووە، کە کەمترین گەشەی ئابووریی وەرزییە لە سەرەتای ساڵی 2023ـوە تاوەکو ئێستا. 
 
ئابووریی چین هەروەها ئامانجی حکومەتی ئەو وڵاتەی نەپێکاوە کە 5.1٪ ـە.
 
ئاماری دیکەی ئابووریی چین ئاماژە بە کەمبوونەوەی قەبارەی بەرهەمهێنانی پاڵاوگەکانی چین دەکەن لە مانگی شەشدا بەڕیژەی 3.7٪.

 

هەموو ئەو ئامارانەش هێمای کەمبوونەوەی خواستی چینن بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو.