نرخی زێڕ گەڕایەوە بەرزترین ئاستی دوو مانگی رابردووی

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی کانزای زەرد رۆژی سێشەممە درێژەی دا بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی رابردووی خۆی و یەک ئۆنسەی بە 2428 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمەش بەرزترین ئاستەکانی نرخی زێڕە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا.
 
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە؛ بازرگانان چاوەڕوانن بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ کەمبکاتەوە.
 
هارێش مێنگانی، شرۆڤەکاری سەر بە پلاتفۆرمی ئێف ئێکس ستریت لەو بارەیەوە دەڵێت "ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە  زیادی کردووە، بەتایبەتی لەدوای وتارەکەی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکەکە لە رۆژی دووشەممەدا."
 
بەپێی ئەو شرۆڤەکارە، جگە لە ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی، مەترسییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، هەروەها تەشەنەکردنی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دوای هێرشەکانی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، پاڵپشت بوون بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
 
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندووە؛ چاوەڕێی ئەوە ناکەن رێژەی هەڵاوسان دابەزێت بۆ ئامانجی بانکی ناوەندی کە 2٪ـە بۆ ئەوەی سوودی بانکی کەمبکەنەوە و، ئەگەریش هەیە زووتر دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە