شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بۆ پرسی یاسای بودجە دەچێتە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق تایبەت بە پرسی یاسای بودجە و جێبەجێکردنی کۆدەبێتەوە.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ (یەکشەممە، 16-7-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پرسی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2023 سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بەو پرسە کۆببێتەوە، لەنێویاندا وەزارەتی دارایی و نەوت".
سەبارەت بە ئەندامانی شاندەکە، سیپان شێروانی گوتی "ئەگەری زۆرە شاندەکەی هەرێمی کوردستان وەزیری دارایی و ژمارەیەک بەرپرسی لە ئەنجوومەنی وەزیران تێدابێت". گوتیشی: "شاندەکە لە کۆبوونەوەکانیاندا تاوتوێی چۆنیێتی جێبەجێکردنی وردەکارییەکانی بودجە و پابەندبوونەکانی هەردوولا و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن".
هەرچەندە لە رۆژی 26-6-2023ـوە یاسای بودجە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە، بەڵام هێشتا وەزارەتی دارایی رێنمایی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2023ـی دەرنەکردووە. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "دەرکردنی رێنماییەکان زۆر دواکەوتوون، ئەوەش دیارنییە کە ئایا ئەم هەفتەیە دەردەکرێت یان نا".
یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024، 2025ـە و قەبارەى پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198 تریلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینارە؛ لەو بڕە 16 تریلیۆن و 609 ملیار 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
یاسای بودجەى گشتیى عێراق، بەرەبەیانى 12ـی حوزەیرانى 2023 لە پەرلەمانى عێراق پەسند کرا؛ لە 21ـی حوزەیران لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق یاساکەى پەسندکرد و رەوانەى وەزارەتى دادى کرد بۆ ئەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراق بڵاوبکرێتەوە.
ئەم سەردانە فەرمییەی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە د. خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە، 15-07-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "مادەکانی 11، 12 و 13ـی (یاسای بودجە) تایبەت بە هەرێمی کوردستان، بڕگەی تێدایە جێگەی ناڕازیی حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە، بۆیە لە دادگەی فیدراڵی تانەیان لێدراوە".
د. خەلیل دۆسکی هەروەها گوتی بابەتی تانەلێدانەکە "بە هیچ شێوەیەک کاریگەریی لەسەر ناردنی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان ناکات، لەتانەکەشدا داوا نەکراوە ئەمری وەلائی دەرکرێت بە راگرتنی ماددەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، بەڵکو بڕگەکان جێبەبجێ دەبن، تاوەکو بڕیاری کۆتایی لە لایەن دادگەی فیدراڵییەوە دەدرێت".