رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم رۆژی ئەم ساڵدا، یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 لە بازاڕەکانی زێڕی هەرێمی کوردستان 450 هەزار دینار بوو. ئێستا گەیشتووەتە 485 هەزار دینار.
زۆرینە پێشبینییەکانی بە ئاراستەی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەن.
سرووش کامەران، زێڕینگر لە بازاڕی زێڕینگرانی سلێمانی بۆ رووداو دەڵێت: "نرخی زێڕ کەمێک دابەزیوە، بەڵام هەر لە بەرزیدایە. نزیکەی 15 هەزار دینارێک دابەزیوە، بەڵام لەچاو ساڵانی رابردوو دانەبەزیوە و هەر لە بەرزیدایە."
ئەو زێڕینگرە دەشڵێت: "وەکو پێشبینی؛ رەنگە دوای جەژن کەمێک دابەزێت، بەڵام ئەمەش گریمانەیە. هەمیشە قسەمان بۆ کڕیار ئەوە بووە ئەگەر پێویست نەبوون دەستکاریی زێڕ نەکەن. بەوە تێنەکەون بڵێن زێڕ دادەبەزێت با بیفرۆشین".
گۆڕانکارییەکانی نرخی مسقاڵی زێڕ پەیوەستە بە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە لایەک و، نرخی ئۆنسەی زێڕ لە لایەکی دیکە.
بە بەرزبوونەوەی بەهای دینار و دابەزینی ئۆنسە، دادەبەزێت؛ بە دابەزینی دینار و بەرزبوونەوەی ئۆنسەش بەرزدەبێتەوە، ئەمەش بەپێی رادەی گۆڕانیان.
7ـی ئەم مانگە ئامارەکان دەریانخست کە چین، گەورەترین کڕیاری زێڕ مانگی رابردوو هیچ زێڕێکی نەکڕیوە. ئەمە لە یەک رۆژدا نرخی ئۆنسەیەک زێڕی 81 دۆلاری لە جیهان و مسقاڵێکی زێڕیشی لە نێوخۆ 15 هەزار دینار دابەزاند.
ئەوکاتە ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 2 هەزار و 293 دۆلار، مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بۆ 475 هەزار دینار دابەزین.
بەڵام تەنیا لە یەک هەفتەی رابردوودا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 40 دۆلار و، نرخی مسقاڵێک زێڕیش لە هەرێمی کوردستان 5 بۆ 15 هەزار دینار بەرزبوونەتەوە.
لە ساڵ و نیوێکی رابردووشدا نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ 95 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
محەممەد سیامەند، زێڕینگرێکی دیکە لە سلێمانی؛ بۆ رووداو دەڵێت: "لە سەردەمی کۆرۆناوە بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمارکردووە، بەتایبەتیش ئەمساڵ کە ریکۆردی بەرزترین ئاستی تۆمارکرد. پێشبینییەکانیش وایە کە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ زۆر زۆر زیاتر بەرزببێتەوە. ساڵی 2025ـیش زیاتر.
بە لەبەرچاوگرتنی جێگیریی رێژەیی دینار بەرامبەر بە دۆلار، گۆڕانی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان فاکتەری سەرەکیی گۆڕانی نرخی مسقاڵ بووە لە بازاڕەکانی نێوخۆ.
ئۆنسەی زێڕیش تەنیا ئەم ساڵ سێ جار ریکۆردی بەرزترین ئاستی مێژووی شکاندووە، 20ـی مانگی رابردووش بۆ یەکەمجار نرخی مسقاڵێکی 21 گەیشتە 505 هەزار دینار.
کەمبوونەوەی هەڵاوسانی ئەمریکا و پێشبینیی کەمکردنەوەی رێژەی سوود و شەڕ و گرژییەکان دوو هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن.
یەکەمیان نرخی دۆلار دادەبەزێنێت و دووەمیشیان ترس و پەنابردنە بەر زێڕ زیاد دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ