رۆناڵدۆ بە تۆپی پێوە ناوەستێت و روودەکاتە وەبەرهێنان

 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی پۆرتوگال رەزامەندیی دەربڕی لەسەر کڕینی 10%ی پشکەکانی کۆمپانیای 'ڤیستا ئەلیگری ئاتلانتیس ئێس جی پی ئێس'ی پۆرتوگالی.
 
کۆمپانیاکە پۆرسەلین بەرهەمدەهێنێت کە مادەیەکە لە سیرامیک دروست دەکرێت.
 
ڤیستا ئەلیگری رایگەیاند، بۆ کڕینی پشکەکانی، رۆناڵدۆ کۆمپانیایەکی دامەزراندووە بەناوی CR7 SA. بەنیازیشە لە رۆژانی داهاتوودا 30%ی پشکەکانی کۆمپانیاکە لە ئیسپانیا بکڕێت.
 
جگە لە کڕینی پشکەکانی، رۆناڵدۆ و ڤیستا ئەلیگری رێککەوتوون لەسەر دامەزراندنی کۆمپانیایەکی هاوبەش بە رێژەی 50-50 لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیا.
 
ئەم هاوبەشییە ئامانجی بەرەوپێشبردنی براندی بەناوبانگی ڤیستا ئەلیگری و بۆردالۆ پینهیرۆیە.
 
کۆمپانیاکە هیچ وردەکارییەکی لەبارەی بەندە داراییەکانی رێککەوتنەکەی لەگەڵ رۆناڵدۆ ئاشکرا نەکردووە.
 
کۆمپانیاکە دەڵێت، "ئەم هاوبەشییە دەبێتە هۆی تاودانی فراوانبوونی براندە جوانکارییەکانمان لەسەر ئاستی جیهان و لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان."
 
رۆناڵدۆی خاوەن 5 باڵۆندۆر دوای پەیوەندیکردنی بە یانەی نەسری سعودی لە ساڵی 2022، دەستپێشخەرییەکانی بواری وەبەرهێنانی فراوان کردووە. لەو یانەیەش مووچەی ساڵانەی نزیکەی 200 ملیۆن دۆلارە.
 
پێشتریش یاریزانەکە لە ساڵی 2015ـدا بە بڕی 75 ملیۆن یۆرۆ و بە هاوبەشی دەستی بە وەبەرهێنان کرد لەگەڵ کۆمپانیای Pestana SGPS SA کە کۆمپانیایەکی پۆرتوگالیی سەرکاری هوتێلە. 
 
بەپێی هاوبەشییەکە، رۆناڵدۆ و کۆمپانیاکەی چوار هوتێلی 400 ژوورییان لە پۆرتوگال، ئیسپانیا و ئەمریکا دروستکرد.