BP پێشبینییەکانی بۆ نرخی نەوت بۆ 55 دۆلار دابەزاند

رووداو- هەولێر

گەورە کۆمپانیای نەوتی بەریتانیا (BP) لە نوێترین راپۆرتیدا پێشبینییەکانی خۆی بۆ نرخی نەوت تاوەکو ساڵی 2050 کەمکردەوە.

(BP) پێیوایە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاراستەی گۆڕانکارییەکان بەرەو ئەو سەرچاوانەی وزە دەڕۆن کە ژینگە کەمتر پیس دەکەن و کاربۆنی کەمتر دەخەنە زەوییەوە.

کۆمپانیای (BP) نوێترین خەمڵاندنی خۆی بۆ نرخی نەوتی خاو راگەیاندووە و ئاشکرای کردووە کۆمپانیاکە پێشبینیدەکات لە ساڵی 2021 وە  تاوەکو ساڵی 2050 نرخی نەوتی برێنت لە نزیکەی 55 دۆلار بێت.

هەروەها پێشبینیکردووە کە نرخی گازی سروشتی بۆ هەر یەکەیەکی پێوانەیی گاز، 2 دۆلار و 90 سەنت بێت لەو ماوەیەدا.

بەپێی راپۆرتە نوێیەکەی (BP)، ئەو نرخەی کە بۆ نەوتی خاو پێشبینی کردووە لە نێوان ساڵانی 2021 تاوەکو 2050 بەرێژەی سەدا 27 کەمترە لە پێشبینییەکانی پێشووتری کۆمپانیاکە، واتە نزیکەی 70 دۆلار.

کۆمپانیای (BP) رایگەیاندووە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکەی 10 هەزار لە کارمەندانی کەمدەکاتەوە کە ئێستا زیاترن لە 70 هەزار کارمەند و کرێکار.