رووداو دیجیتاڵ
لە مانگی رابردوودا هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ نزمترین ئاستی پێنج مانگی پێشتر کەمبووەتەوە، کەچی داهاتەکەی دوو هێندە زیادبووە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە راپۆرتی مانگانەیدا رایگەیاند، لە مانگی نیسانی ئەم ساڵدا رووسیا رۆژانە 7 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی هەناردە کردووە.
بەپێی خەمڵاندنی ئاژانسەکە، ئەمە 6.4٪ کەمترە بەراورد بە مانگی ئادار. کەمترینیشە لە 5 مانگی رابردوودا.
کەمبوونەوەی توانای پاڵاوتنی پاڵاوتگە نەوتییەکانی رووسیا بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا و، کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، دوو هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی رووسیان.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەپێی ئاماری وەزارەتی دارایی رووسیا، داهاتی ئەو هەناردەیە لە مانگی نیساندا 13 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.
بەپێی خەمڵاندنی بلوومبێرگ، ئەمە دوو هێندە زیاترە بەراورد بە نیسانی 2023.
لاوازیی بەهای رۆبڵی رووسی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی ئۆراڵی رووسی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا، هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی داهاتە نەوتییەکانی رووسیان.
ئەمە ئاماژەیە بەو زەحمەتییەی رۆژئاوا دووچاری بووەتەوە لە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی داهاتی نەوت و گازی رووسیا.
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022ـدا، وڵاتانی رۆژئاوا نرخی بەرمیلێک نەوتی رووسیایان بە 60 دۆلار دیاریکرد.
لەدوای ئەوکاتەوە، ئەمریکا چەندین کۆمپانیای بە تۆمەتی گواستنەوەی نەوتی رووسی بە زیاتر لەو نرخە سزاداوە. بەڵام ئەمە نەبووەتە رێگر لە بەرزبوونەوەی داهاتی نەوتی رووسیا.
چین و هیندستان دوو گەورەترین کڕیاری نەوتی رووسیان. رووسیا بە نرخی داشکێندراو نەوت دەداتە ئەو دوو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ