راپۆرتێکی وەزارەتی دارایی؛ 79٪ـی خەرجییەکانی عێراق بۆ مووچەیە
رووداو دیجیتاڵ
لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا عێراق زیاتر لە 31 تریلیۆن دینار داهات و 25 تریلیۆن دینار خەرجیی هەبووە، لە خەرجییەکانی زیاتر لە 18 تریلیۆن دیناری بۆ مووچە بووە، کە زیاتر لە 79٪ـی کۆی خەرجییەکانی دەبێت، 89٪ـی داهاتەکانی عێراقیش لە نەوتەوە بەدەستهاتووە.
وەزارەتی دارایی عێراق راپۆرتی خەرجی و داهاتەکانی بۆ مانگەکانی: "کانوونی دووەم، شوبات و ئادار."ـی ئەم ساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی راپۆرتەکە، عێراق دوای خەرجییەکان زیاتر لە شەش تریلیۆن دیناری بۆ ماوەتەوە.
25 تریلیۆن دینار خەرجی
بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق کۆی خەرجییەکانی عێراق لەو سێ مانگەدا زیاتر لە 25 تریلیۆن و 77 ملیار دینار بووە، زیاتر لە 23 تریلیۆن و 179 ملیار دیناری خەرجیی بەردەوام (فیعلی) و تریلیۆنێک 897 ملیار دیناری خەرجی وەبەرهێنان بووە، زۆرترینی خەرجییەکانیش لەم شوێنانە بوون:
-دارایی: 6 تریلیۆن و 584 ملیار دینار
-ناوخۆ: 3 تریلیۆن و 250 ملیار دینار
-پەروەردە: 2 تریلیۆن و 526 ملیار دینار
-ئەنجوومەنی وەزیران: 2 تریلیۆن و 82 ملیار دینار
-حکومەتی هەرێمی کوردستان: 1 تریلیۆن و 683 ملیار دینار
-بەرگری: 1 تریلیۆن و 969 ملیار دینار
-تەندروستی: 1 تریلیۆن و 484 ملیار دینار
-کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: 1 تریلیۆن و 141 ملیار دینار
-ئەنجوومەنی دادوەری: 1 تریلیۆن و 8 ملیار دینار
نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری، لەبارەی راپۆرتەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خەرجییەکانی عێراق بەپێی راپۆرتەکە لەسەر بنچینەی 1 لەسەر 12 نییە، واتە مانگانە نییە، ئێستا دەرکەوت یاسای بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵ نییە و ساڵانەیە، جگە لەوە پارەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و بودجەی پترۆدۆلار زۆر کەمترە لەوەی بۆی تەرخانکرابوو، بۆیە بەگشتی بودجەی وەبەرهێنانیشی تێدا زۆر کەمە، ئەوە نیشاندەری ئەو هەموو پڕۆژەیە کە راوەستاون، جگە لە نەبوونی پڕۆژە."
٪79ـی خەرجییەکان بۆ مووچەن
خەرجیی بەردەوام (فیعلی)، لە خشتەکانی وەزارەتی دارایی ژمارەی دیکەی تێدایە، بەشێک لەو 23 تریلیۆن و 179 ملیار دینارەی لەژێر ناوی ئەو خەرجییانە خەرجکراون بەمشێوەیە بووە:
- مووچەی فەرمانبەران: 13 تریلیۆن و 385 ملیار دینار
- پێداویستیی شمەک و خزمەتگوزاری: زیاتر لە 451 ملیار دینار
- بەخشین و یارمەتی و خەرجییەکانی دیکە: 1 تریلیۆن و 882 ملیار دینار
- چاودێری کۆمەڵایەتی: 4 تریلیۆن و 959 ملیار دینار
- قەرزەکان: 2 تریلیۆن و 354 ملیار دینار
- کۆی گشتی مووچەی مووچەخۆران: 18 تریلیۆن 345 ملیار و 607 ملیۆن دینار
- رێژەی مووچەی مووچەخۆران لە کۆی خەرجی کردەیی: 79.1٪
نەبیل مەرسوومی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات زۆریی ئەو پارەیەی عێراق بۆ مووچە تەرخانیدەکات مەترسیدارە و دەڵێت: "جگە لەوەی ئەو خەرجییانەی نیشاندراون راستی نین و زۆر لەو بڕە زیاتر پارە خەرجکراوە، ئەو پارانەشی کە بۆ مووچە تەرخانکراون زیاترە لەوەی لە راپۆرتەکەدا هەیە، چونکە ئەوە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان و ئەو دامەزراوانەشی تێدا نییە کە خۆبژێوین. بۆیە رێژەکە لە 79٪ زیاترە بە دڵنیاییەوە."
ئەو شارەزایەی ئابووریی پێیوایە زۆری ژمارەی مووچەخۆران "نیشاندەری لاوازیی دەوڵەت و حکومەتە" و دەڵێت: "ئەم ژمارە و رێژەیەی مووچەخۆرانەی هەیە زۆر کارەسات بۆ عێراق دەهێنێت، بەتایبەت کە عێراق وڵاتێکە لەسەر داهاتی نەوت دەژیت و سندووقی سیادیی نییە و بەهۆیەوە نەوەکانی داهاتوو لە مەترسیدا دەبن. "
لە بەشێکی دیکەی خشتەکاندا خەرجیی وەبەرهێنان هەیە، کە 1 تریلیۆن و 897 ملیار دینارە و زۆرترینی بۆ باڵەخانە و خزمەتگوزارییەکان خەرجکراوە، کۆی خەرجیی وەبەرهێنان بەمشێوەیەیە:
- کشتوکاڵی: 22 ملیار و 815 ملیۆن دینار
- پیشەسازی: 218 ملیار و 945 ملیۆن دینار
- گواستنەوە و گەیاندن: 355 ملیار و 36 ملیۆن دینار
- باڵەخانە و خزمەتگوزارییەکان: 1 تریلیۆن و 187 ملیار دینار
- پەروەردە و فێرکردن: 113 ملیار و 77 ملیۆن دینار
داهاتە نەوتییەکان 89٪ـی کۆی داهاتەکانن
بەپێی خشتەکانی تایبەت بە داهاتەکان لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا وەکو وەزارەتی دارایی ئاشکرایکردووە زیاتر لە 31 تریلیۆن و 222 ملیار دینار بووە، بەو رێگانە بەدەستهاتوون:
- داهاتەکانی نەوت و سامانەکانی کانزایی: 27 تریلیۆن و 675 ملیار دینار
- باجەکانی داهات و سامانەکان: 540 ملیار و 225 ملیۆن دینار
- باجەکانی شمەک و رسوماتی بەرهەمهێنان: 773 ملیار و 555 ملیۆن دینار
- رسومات: 464 ملیار و 452 ملیۆن دینار
- داهاتی دیکە: 1 تریلیۆن و 550 ملیار دینار
داهاتەکانی عێراق بەپێی خشتەکە لەو سێ مانگەدا لە رووی جۆرەکەیەوە بەمشێوەیەیە:
-داهاتە نەوتییەکان: 27 تریلیۆن و 688 ملیار دینار
-داهاتە نانەوتییەکان: 3 تریلیۆن و 533 ملیار دینار
- رێژەی داهاتە نەوتییەکان بۆ کۆی داهاتەکان: 89٪
-رێژەی داهاتە نانەوتییەکان بۆ کۆی داهاتەکان: 11٪
هەرچی پەیوەستە بە پێشینەکانەوە عێراق لەو سێ مانگەدا 2 تریلیۆن 201 ملیار دیناری بە قەرز داوە و 356 ملیار و 750 ملیۆن دیناری بۆ هاتووەتەوە، بەو پێیە بێت لەو ماوەیەدا 1 تریلیۆن و 844 ملیار دینار قەرزی داوە، دوو تریلیۆن دینار قەرزی لەلای خەڵک هەیە.