رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لەبارەی سەردانی یاریدەدەری وەزیری ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، رایدەگەیێنێت، ئاماژەیە بۆ درێژەدان بە هەوڵەکانی سەرکردایەتیی هەولێر و بەغدا لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە، دوای سەردانی بۆ بەغدا، سەردانی هەولێریش دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
ئەپیکور پێشوازی لە سەردانەکە دەکات و وەک "ئاماژەیەکی دیکەی بەهێز" سەیری دەکات سەبارەت بە هەوڵەکانی سەرکردەکانی حکومەت لە بەغدا و هەولێر بۆ گەیشتنە ئامانجەکەیان کە بریتییە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا."
لە راگەیێندراوێکدا ئەپیکور دەڵێت، "ئێمە تێدەگەین کە دیدارەکانی پایت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان درێژەپێدەری گفتوگۆکانی ئەمدواییەیە کە لە واشنتن و کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەڕێوەچوون."
ئەپیکور ئاماژە بەوە دەکات کە توانا بەکارنەهاتووەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، بۆ عێراق یارمەتیدەر دەبێت، "تاوەکو دەستبەجێ ئامانجە کورتخایەن و درێژخایەنەکانی لە بواری هەناردەکردنی نەوتدا بەدەستبهێنێت."
کۆمپانیاکانی ئەندامی کۆمەڵەی ئەپیکور دووپاتی دەکەنەوە ئامادەن هەناردەکردن دەستپێبکەنەوە، "ئەمەش بەندە بە گەیشتن بە رێککەوتن کە گەرەنتی پارەدان بۆ هەناردەکردنی رابردوو و داهاتوو و پاراستنی مافی کۆمپانیاکان دابین بکات لەڕووی بازرگانی و ئابوورییەوە. دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت سوودی بۆ هەموو هاووڵاتیانی عێراق و ئێمەش دەبێت."
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی ئەپیکور ئاماژەی بەوەکرد، "سەردانی پایت بۆ بەغدا و هەولێر جەخت لەسەر گرنگیی دەستبەجێ و کاری هاوبەش لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا دەکاتەوە و کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکوریش پەرۆشی چارەسەرکردنی ئەو چەقبەستووییە دەکەین."
بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە. بەهۆیەوە رۆژانە بازاڕی وزەی جیهان نزیکەی 400 هەزار بەرمیل نەوت لەدەستدەدات، ئەمەش بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهان.
ئەپیکور ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو ئێستا 14 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیان بە داهاتی عێراق گەیشتووە.
کۆمەڵەی ئەپیکور لە 8 کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت لە هەرێمی کوردستان پێکدێن و لە ساڵی 2023 دامەزرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ