جووتیارانی کرماشان و ئیلام لەو نرخە ناڕازین حکومەت بۆ کڕینەوەی دانەوێڵەکانیان دایناوە

16-05-2023
هیدایەت جان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە ناوچەکانی گەرمێنی هەردوو پارێزگای ئیلام و کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دروێنەی گەنم دەستیپێکردووە و جووتیاران ناڕازین لەو نرخەی حکومەت بۆ وەرگرتنی گەنم دیاریکردووە؛ جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی ئێرانیش دەڵێت، حکومەت پابەندی ئەو نرخە نەبووە کە پەرلەمان دیاری کردووە و بەمەش دیاردەی بە قاچاخبرنی گەنم بۆ دەرەوەی وڵات سەرهەڵدەدات. 
 
دروێنەی گەنم لە شارەکانی قەسری شیرن، سەرپێڵی زەهاو و گێڵان غەرب، لە پارێزگای کرماشان دەستیپێکردووە و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگاکەش دەڵێت، حکومەت بڕیاریداوە ئەمساڵ 650 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی کرماشان وەربگرێت. 
 
ئەو نرخەی لیژنەی دیاریکردنی نرخەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران بۆ کیلۆیەک گەنم دیاریکردووە 15 هەزار تمەن "نزیکەی 20 سەنت"ـە و ئەوەش ناڕەزایی جووتیارانی لێکەوتووەتەوە، هەروەها لیژنەی کشتوکاڵیی پەرلەمانی هێناوەتە دەنگ و سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت، لیژنەکەمان بۆ کیلۆیەک گەنم 17 هەزار تمەنی دیاریکردووە، بەڵام حکومەت نرخێکی دیاری کردووە، کە لە  بەرژەوەندیی جووتیاراندا نییە.
 
وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران ئەمساڵ بەنیازە 12 ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیاران بکڕێتەوە، کە نزیکەی سێ ملیۆن تۆنی لە پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمدێت، پسپۆرێکی ئابووریی کشتوکاڵیش هۆشداری دەدات، ئەگەر حکومەت دەستکاری نرخەکە نەکات، دەبێ چاوەڕوانی ساڵێکی پڕ لە قەیران بکات.
 
بە گوتەی مەهدی بەشارەتدە، پسپۆرێکی ئابووری کشتوکاڵی، ئەو نرخەی حکومەت بۆ کیلۆیەک گەنم دیاریکردووە، تێچووی بەرهەمهێنانەکەی نییە و بەمەش جووتیاران زیانێکی گەورەیان پێدەگات، ئەو پسپۆڕە دەشڵێت، حکومەت دوو رێگەی لەبەردەمە، یان دەبووایە لە وەرزی چاندن تێچووی بەرهەمهێنانی لەسەر جووتیاران سووک کردبا و بنەتۆو و دەرمانی بە نرخی هەرزان پێدابان، یان دەستکاری ئەو نرخە بکات، کە لەلایەن لیژنەکەوە دیاریکراوە. 
 
بەشارەتدە هۆشداری دەداتە بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ و پێیوایە، ئەگەر حکومەت نرخی دیاریکراوی گەنم نەگەیێنێتە سەروو 17 هەزار تمەن، جووتیاران ناچاردەبن گەنمەکانیان نەدەن بە سایلۆکان و لە بازاڕی رەش ساخی بکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەی بەقاچاخبردنی گەنم بۆ وڵاتانی دراوسێ و هاوکات قەیرانی گەنم لە ناوخۆی ئێراندا دروستدەبێت.
 
لیژنەی دیاریکردنی نرخەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران پاساوی بۆ دیاریکردنی 20 سەنت بۆ کیلۆیەک گەنم ئەوەیە کە 32 بەرهەمی خۆراکی لە گەنم دروستدەبن و هەموویان خۆراکی سەرەکی خەڵکن، بۆیە پێیوایە بەرزکردنەوەی نرخی گەنم راستەوخۆ دەبێتە هۆی گرانبوونی ئەو خۆراکانە.
 
پەرلەمانی ئێران ساڵی 2020 دیاریکردنی نرخی گەنم و بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی بە لیژنەی دیاریکردنی نرخەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران سپارد و ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بوو، بەڵام بە گوتەی جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی ئێران، سیاسەتەکانی ئەو لیژنەیە بووەتە هۆی دابەزینی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
 
رەحمەتوڵڵا نەورۆزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئەو نرخەی حکومەت بۆ گەنم دیاریکردووە، زیان بە جووتیاران دەگەیێنێت و لە تێچووی بەرهەمهێنانەکەی کەمترە، دەبێ حکومەت بەگوێرەی خەرجییەکانی سەر شانی جووتیار نرخی بەرهەمەکانیان دیاری بکات، بەڵام 15 هەزار تمەن بۆ کیلۆیەک گەنم، نەک تێچووەکە پڕناکاتەوە، بەڵکو زیانیشیان پێدەگەیێنێت.
 
ساڵی رابردوو، حکومەت کیلۆیەک گەنمی بە 13 هەزار تمەن لە جووتیاران کڕییەوە. جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان کە خۆی نوێنەری پارێزگای گوڵستانە لە پەرلەمان دەڵێت، ئەو نرخەی حکومەت بۆ ساڵی 2022 دیاریکردبوو، بەرهەمهێنانی گەنمی لە پارێزگای گوڵستان دابەزاند، پار لەو پارێزگایە یەک ملیۆن و 150 هەزار تۆن گەنم بەرهەمهاتبوو، بەڵام ئەمساڵ نەگەیشتووەتە 200 هەزار تۆن.
 
رەحمەتوڵڵا نەورۆزی گوتی: ئێمە لە لیژنەی کشتوکاڵ نرخی کیلۆیەک گەنممان بۆ ئەمساڵ، بە 17 هەزار تمەن دەستنیشان کردووە، بەڵام لیژنەی دیاریکردنی نرخەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ بڕاندوویەتیەوە کە بە 15 هەزار تمەن گەنم لە جووتیاران دەکڕێتەوە، بۆیە لیژنەکەمان لەو نرخە ناڕازییە.
 
هاوکات سەید محەممەد ئاغامیری، وەزیری کشتوکاڵی ئێران پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو نرخە دووپاتدەکاتەوە کە لیژنەی وەزارەتەکەی دیاریکردووە و دەڵێت، پەرلەمان بە یاسایەک دەسەڵاتی دیاریکردنی نرخی داوەتە وەزارەتەکەمان و ئەگەریش ئەو نرخە پێشێلی یاساکەی کردووە و تێبینی پەرلەمانتارانی لەسەرە، تاوەکو ئێستا پەرلەمان بە فەرمی هیچ نووسراوێکی بۆ نەناردووین. 
 
لە بودجەی وەزارەتی کشتوکاڵ 103 هەزار ملیار تمەن "نزیکەی دوو ملیار دۆلار" بۆ کڕینی گەنم تەرخانکراوە و ئێستا لە ناوچە گەرمەکانی ئێران دەست کراوە بە وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران، بەڵام هەر لە ئێستاوە رایانگەیاندووە کە 53 هەزار ملیار تمەن "یەک ملیار و 30 ملیۆن دۆلار" لەم بودجەیە کورتهێنان هەیە، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمان روونیدەکاتەوە، بڕیارە لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکاندا ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت.
 
پارێزگاکانی کرماشان و سنە زۆرترین گەنمی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمدەهێنن و ئەمساڵ مەزەندە دەکرێت لە پارێزگای کرماشان بەرهەمی گەنم بگاتە سەروو یەک ملیۆن تۆن، بەڵام حکومەت تەنیا 650 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگرێت، هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای سنەش پێشبینی دەکات بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ بگاتە سەروو یەک ملیۆن تۆن و حکومەت 850 هەزار تۆن وەردەگرێت.
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کرماشان، ئەمساڵ یەک ملیۆن و 576 هەزار دۆنم زەوی لەو پارێزگایە بە گەنم چێنراوە، کە یەک ملیۆن و 184 هەزار دۆنمی دێمەکارە و 392 هەزار دۆنمیشی بەراوە. ئەمساڵ بەهۆی بارانی باشەوە بەرهەمی گەنم لە کرماشان زیادی کردووە، پار جووتیارانی ئەو پارێزگایە 723 هەزار تۆن گەنمیان بەرهەمهێنابوو و حکومەت 540 هەزار تۆن گەنمی بە نرخی 13 هەزار تمەن لێ وەرگرتبوون.
 
لە پارێزگای لوڕستان ئەمساڵ بەرهەمی گەنم دەگاتە نزیک 500 هەزار تۆن و لە پارێزگای ئیلامیش مەزەندە دەکرێت 450 هەزار تۆن گەنم بەرهەمبێت، بەڵام پارێزگای ورمێ کەمترین بەرهەمی گەنمی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و بەهۆی ئەوەی زیاتر گرنگی بە باخداری دەدرێت، بەرهەمی گەنمی ساڵانەی کەمتر لە 350 هەزار تۆنە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە