باج لەسەر هاوردەکردنی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان زیادکرا

رووداو دیجیتاڵ

 

بۆ پاڵپشتیکردنی بەروبوومی نێوخۆیی، باج لەسەر هاوردەکردنی تەماتە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە رێگەی هەرسێ دەروازە فەرمییەکانی پەروێزخان، حاجی ئۆمەران و باشماخ زیادکرا.
 
قاسم مەتلەبی، بەڕێوەبەری گومرگی پەروێزخان سەر بە قەسری شیرین رایگەیاند، رۆژی دووشەممە دوایین مۆڵەتی هەناردەکاران بوو بۆ هەناردەی تەماتە و، داوای لە بازرگانە ئێرانییەکان کرد لەمڕۆ (سێشەممە)ـوە ئەم بەرهەمە نەهێنن بۆ سنووری پەروێزخان، چونکە چیدیکە رێگە بە هەناردەی نادرێت.
 
لەبارەی هۆکاری راگرتنی هەناردەی تەماتە لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان قاسم مەتلەبی گوتی "هەرێمی کوردستان هەموو ساڵێک بۆ پشتگیری لە بەرهەمی ناوخۆیی خۆی، هاوردەی تەمامە قەدەخە دەکات".
 
لە هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی نێودەوڵەتیی لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەن، کە پێکدێن لە: باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر و  پەروێزخان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.
 
رۆژی سێشەممە، 16-05-2023 فاتیح ئەحمەد جاف، جێگری بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بەگوێرەی بڕیارێکی رۆژنامەی کشتوکاڵی کە هەموو ساڵێک بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی دەریدەکات، هاوردەکردنی پەتاتە، خەیار و بەشێک لە بەروبووم و بەرهەمەکانی دیکە لە ئێران و رۆژهەڵاتەوە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخەکراوە، تەماتە و چەند بەرووبوومێکی دیکەش تەنیا باجیان زیادکراوە".
 
بەگوتەی جێگری بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان، ئەو هەنگاوە بۆ پاڵپشتیکردنی بەروبوومی ناوخۆییە، "بە نموونە تەماتە لە 15ـی ئایارەوە تاوەکو مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، باجی لەسەر زیادکراوە، ئەوانی دیکەش هەریەکە بەگوێرەی وەرزی خۆی کاتی بۆ دیاریکراوە بۆ ئەوەی هاوردەکردنیان قەدەخە بکرێت، یاخود باجی هاوردەکردنیان زیادبکرێت".
 
هەروەها سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە 1ـی ئایارەوە تاوەکو 15ـی تشرینی دووەم باج لەسەر هاوردەکردنی تەماتە لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان زیادکراوە، بەڵام هاوردەکردنی رانەگیراوە. 
 
بەگوتەی گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، ئێستا یەک کیلۆ تەماتە 750 دینار باجی لەسەرە، ئەوەش بۆ ماوەیەکی کاتییە و بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانە.
 
مەریوان کەریم، گوتەبێژی دەروازەی باشماخ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بە فەرمانێکی بەڕێوەبەرایەتی گومرگ ئاگادارکراوینەتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆ لە 15ـی ئایارەوە باج لەسەر تەماتە تاوەکو کاتێکی دیاریکراو زیادبکەین." گوتیشی "فەرمانەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە".
 
هەموو ساڵێک وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەم و بەروبوومی ناوخۆیی، هاوردەکردن قەدەخە دەکات یاخود داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی هەرێمی کوردستان دەکات باجی سەر ئەو بەرهەمانە زیاد بکەن، ئەوەش بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆییە.
 
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی ئیرنا، زمانحاڵی حکومەتی ئێران، لە ساڵی رابردوودا لە ئێرانەوە بە بڕی 6 ملیار و 494 ملیۆن دۆلار کاڵا و کەلوپەل هەناردە کراوە، کە 2 ملیار و 673 ملیۆن دۆلاری لەڕێی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشانەوە بووە.