وەزارەتی کشتوکاڵ: بەهۆی وشکەساڵی هەندێک جووتیار بەشی بنەتۆویش بەرهەمیان نابێت


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و بنەتۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژە بەوەدەکات، ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە بەشێک لە جووتیاران هیچ بەرهەمێکی گەنمیان نابێت و بەشێکیان ناتوانن بنەتۆویش بۆخۆیان هەڵبگرنەوە.
 
رێژین سدیق، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسندکردنی بنەتۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەمساڵ "بەداخەوە" لە هەندێک ناوچە وشکەساڵی روویداوە، بەتایبەت لە باشووری هەولێر و گەرمیان و هەندێک ناوچەی دهۆکیش، کە بەو هۆیەوە جووتیارەکان ناتوانن بەرهەمیان هەبێت و "هەندێکیشیان ناتوانن بنەتۆویش بۆخۆیان هەڵگرنەوە بۆ ساڵی داهاتوو."
 
بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسندکردنی بنەتۆ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بنەتۆو گوتی، "ئێمە هەندێک جووتیارمان هەن کە بە مەرەشە گەنم ئاو دەدەن و بۆ بنەتۆو گەنم دەچێنن، هەروەها ساڵانە رێگەش بە هاوردەکردن دەدرێت کە بەشی زۆری لە تورکیاوە دێت، بەڵام ئەوەی لە کوردستان هەیە باشترە و گونجاوترە بۆ کەشوهەوای کوردستان. لەبارەی نرخی بنەتۆوی خۆماڵی و ئەوەی کە هاوردە دەکرێت، نرخەکان جیاوازن، بەداخەوە جووتیارانی کوردستان وادەزانن ئەوەی لەدەرەوەدێت باشترە، بەڵام ئەوەی نێوخۆیی زۆرباشترە، بۆ نموونە ئەمساڵ کە وشکەساڵی بوو ئەو جووتیارانەی بنەتۆوی ناوخۆیان چاندبوو، زۆرباشتر بەرگەی ئەو وشکەساڵییەی گرتووە."
 
لەبارەی بەرهەمی بنەتۆوی ناوخۆیی بۆ بەربوومە کشتوکاڵییەکانی دیکە، رێژین سدیق گوتی، "وەزارەتی کشتوکاڵ تەنیا لە گەنمدا پشت بە بنەتۆی ناوخۆیی دەبەستێت، بەڵام بۆ بەرهەمەکانی دیکە نیمانە و هاوردە دەکرێت، ئێمە دەمانەوێت لە رێگەی یاسایەک کە لە پەرلەمان دەربچێت، دەرفەت بۆ کۆمپانیاکان بڕەخسێنین لە بەرهەکانی دیکەش بنەتۆو بەرهەمبێنن."
 
هەروەها بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسندکردنی بنەتۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو گوتیشی، "ئەو بەرهەمە بنەتۆوەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێندرێت بەشی ناوخۆ ناکات، بۆیە ناچارین رێگە بە هاوردەکردن بدەین."
 
پێشتر وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو کە پرۆژەی ستراتیژی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران 70٪ـی تەواو بووە. پرۆژەکە لە 40 سایلۆ پێکدێت کە هەر یەکەیان پێنج هەزار تۆن گەنم دەگرێت و دوو کارگەی ئاردیشى لەگەڵدایە کە هەریەکەیان رۆژانە 1000 تۆن گەنم وەردەگرن.
 
ئەوە سەرەڕاى چەندین کارگەى گەورەى وەک کارگەی ساوەر، بڕوێش، مەعکەرۆنی، پسکیت، سریلاک، عەلەف و کارگەی بنەتۆوى لەگەڵە کە لە کارگە بنەتۆوەکەدا گەنم پاک و بژار دەکرێت و دەخرێتە نێو فەردەوە بۆ جووتیاران.