بەرهەمی هاوردەکراو بازاڕی تەنیوە و بەرهەمی خۆماڵیی جووتیاران بە ئاسانی ساخ نابێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە جووتیاران بەرهەمی پەتاتەی پاریان هێشتا لە ساردکەرەوەکانە نەیانفرۆشتووە. جووتیارێک دەڵێت، 150 تۆن پەتاتەی ماوەتەوە و لە بازاڕ پارە ناکات، بۆیە زۆرینەی لەنێوچووە و تەنیا ئەم ساڵ، زیاتر لە 100 ملیۆن دینار زیانی کردووە.
ئاراز حەسەن، جووتیار بە رووداوی گوت، "140 بۆ 150 تۆن پەتاتەم ماوەتەوە، بەهۆی دانەخستنی سنوورەکانەوە ئەوەی ئێمە پارە ناکات، ئەگەر پەتاتەی ئێرانی هاوردە نەکرێت، پەتاتەی من بە 400 دینار خەرج دەبێت، بەڵام ئەگەر پەتاتەی ئێرانی هاوردە بکرێت، ئەوەی من 150 دیناریش ناکات."
پەیامنێری رووداو دەچێتە عەلوەی دهۆک و 33 جۆر بەرهەمی جیاواز دەبینێت؛ کنگر، خەس، خەیار و چەند بەرهەمێکی دیکە خۆماڵی بوون، ئەوانی دیکە هەمووی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن.
خاوەنی عەلوەکە دەڵێت، لەم کاتەدا بەرهەم لە نێوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاوردە دەکرێت، بەڵام ئەگەر بەرهەمی نێوخۆ پێگەیشت، ئەوان رێگە نادەن بەرهەمی هەرێمی کوردستان بچێتە نێوەڕاست و باشوور.
ئەحمەد بانەسووری، خاوەنی عەلوە بە رووداوی گوت، "کاتێک بەرهەمی ئێمە پێڕادەگات، ناچێتە نێوەڕاست و باشووری عێراق، بۆیە جووتیار گلەیی دەکەن، پیاز، پەتاتە و زۆر بەرهەمی دیکە لە باشوور و موسڵ دێن، ئێمە تەنیا کنگر و خەسمان هەیە ئێستا، تەماتە، خەیار و کودوو لە ئێران و هەندێک بەرهەمی دیکەیش لە تورکیاوە هاوردە دەکرێن."
بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، یەکەم کۆنگرەی کشتوکاڵ لە زانکۆی دهۆک بەڕێوەچوو و باس لە چۆنیەتیی زیادکردنی بەرهەمی نێوخۆ و ساخکردنەوەیان کرا. وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش بەشدار بوو.
بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت، "ئێمە کارمان لەسەر کردووە هەم لەگەڵ بازاڕی عێراق لە چوارچێوەی رۆژژمێری کشتوکاڵی، هەم لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و هەم لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەروەها گرنگی دان بە پیشەسازیی کشتوکاڵی و وەبەرهێنانی کشتوکاڵی کە ئەمە جۆرێکی دیکەیە لە ساخکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی."
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، "خۆشبەختانە چەند ساڵێکە کێشەی ساخکردنەوەی بەرهەممان نەبووە، گرفت و ئاستەنگ دروست دەبێت، بەڵام لەسەر هێڵ بووین لەگەڵ جووتیارانمان بۆ ئەوەی ئەو کێشەیەش نەهێڵین."
بەرهەمی خۆماڵی لە سەرەتای مانگی نیسان تاوەکو مانگی 12 دەکەونە بازاڕ، لە مانگەکانی دیکە بازاڕ دەکەوێتە ژێر رەحمی بەرهەمی بیانی.