رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیران و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کۆبوونەوە. باسیان لە رێکارە بانکییەکانی عێراق کرد و هەردوولا دەیانەوێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کۆتایی بە کارەکانی سەکۆی ئەلیکترۆنی بهێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی نیسانی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە شوێنی مانەوەی لە واشنتۆن لەگەڵ والی ئادێمۆ، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئامادە بوو.
نووسینگەی راگەیاندنی سوودانی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا "باس لە هاوئاهەنگیی نێوان عێراق و ئەمریکا لە سێکتەرەکانی دارایی، بانکی و ئابووری کرا".
نووسینگەکە دەڵێت، هەردوولا "پێداچوونەوەیان بەو رێکارانە کرد کە حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی چاکسازییە دارایی و بانکییەکان گرتوونیەتیە بەر".
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022ـدا بانکی ناوەندیی عێراق سەکۆی ئەلیکترۆنی بۆ پارەدارکردنی حەواڵە راگەیاند. بەپێی سەکۆیەکە، دەبێت بازرگانان لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە مامەڵەکانیان پێشکێش بە بانکی ناوەندی بکەن بۆ ئەوەی دۆلاریان بۆ حەواڵە بکرێت.
بڕیارەکە بووە هۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار، بەو پێیەی زۆرینەی بازرگانان پێی رانەهاتبوون.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئادێمۆ ستایشی هەوڵەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی کردووە لە برەودان بە کاری بانکەکان و ناردنی حەواڵەی دارایی لە رێگەی بانکە نێوەندگیرەکانەوە کە ئێستا 80٪ـی کۆی حەواڵەی عێراق پێکدێنن.
رۆژی 25-3-2024 عەمار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2023ـدا رۆژانە کەمتر لە 50 ملیۆن دۆلار حەواڵە دەکرا، بەڵام ئێستا رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار حەواڵە دەکرێت.
بەگوتەی عەمار خەلەف، بەراورد بە ساڵی رابردوو، رێژەی حەواڵەی دەرەکی 300٪ زیادبووە. گەنجینەی ئەمریکا و بانکی ناوەندیی عێراق مەبەستیانە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، کۆتایی بە کارەکانی سەکۆی ئەلیکترۆنی بهێنرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەگەری هاوئاهەنگیش کراوە بۆ دەستبەکاربوونەوەی ئەو بانکە عێراقییانەی کە ئەمریکا لە مامەڵەکردن بە دۆلار بێبەشی کردوون؛ هەروەها باس لە گەیاندنی بانکە عێراقییەکان بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کراوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رۆژی 13ـی ئەم مانگەوە بەسەردانێک لە ئەمریکایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ