کۆمپانیایەکی چینی چوار بەنداو لە هەرێمی کوردستان دروستدەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی بۆ دروستکردنی چوار بەنداو واژۆکرد، دوو لەبەنداوەکان لە پارێزگای سلێمانی، یەکێکیان لەهەولێر و ئەوی دیکەشیان لە دهۆک دەبێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 16ی ئاداری 2022، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لێکتێگەیشتننامەی دروستکردنی چوار بەنداوی "گرنگ و ستراتیژی" لەگەڵ گروپی نێودەوڵەتیی کۆمپانیاکانی (POWERCHINA) واژۆ کرد.
 
ئەو بەنداوانەی وەزارەتی کشتوکاڵ گرێبەستی بۆ کردوون، بریتین لە: بەنداوی دەڵگە لە پشدەر، بەنداوی خێوەتە لە سلێمانی، بەنداوی مەنداوە لە هەولێر و بەنداوی باکرمان لە دهۆک 
 
لە راگەیێنەراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو روونیکردووەتەوە: "ئەم لێکتێگەیشتننامەیە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە بۆ چارەسەری کێشەی گڵدانەوەی ئاو و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی وشکەساڵی و باشتر بەڕێوەبردنی ستراتیژی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان."
 
هەروەها هاتووە: "ئەم لێکتێگەیشتننامەیە لە چوارچێوەی یاسا و رێسا بەرکارەکانی حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیا بەهێزەکانی چین لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی حکومەت بۆ دروستکردنی بەنداوە گرنگ و ستراتیژییەکان واژۆکراوە."
 
هەرێمی کورستان لە رێگەی 17 بەنداوەوە توانای گلدانەوەی 10 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکان، ئێستا نزیکەی پێنج ملیار مەتر سێجا ئاویان تێدایە.