رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەپیکور رایدەگەیێنێت، داوایان لە بەرپرسانی ئەمریکا کردووە بۆ ئەوەی گوشار لە بەغدا بکەن، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی شوباتی 2024، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور بە پێگەی Insightـی بەریتانی راگەیاند: "ئێمە پێویستیمان بە دەستبەجێ کردەی کۆنگرێس هەیە بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی عێراق ئاگادار بکەنەوە کە دەبێت بودجەی هەرێمی کوردستان خەرج بکات و رێگە بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا بدات".
کاگینز باسی لەوە کردووە، کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن کە بڕیارە ئەمڕۆ هەینی لە میونش بە بەشداری چەندین سەرۆک و سەرکردەی جیهان دەستپێبکات، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا داوا لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بکەن بۆ ئەوەی کێشەی نەوت و بودجەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر بکات.
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 12ـی ئەم مانگە ئەپیکور لە نامەیەکدا کە بۆ دیک دەربن، سەرۆکی لیژنەی دادوەری سیناتی ئەمریکای ناردووە، داوای کردووە ئەمریکا کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.
لە نامەکەی ئەپیکور کە بۆ کۆنگرێسی ئەمریکای ناردووە هاتووە: "بەردەوامی هەناردەنەکردنی نەوت پاڵنەری سیاسی لەپشتە و بەشێوەیەکی راستەوخۆ زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وەبەرهێنانەکانی دەگەیێنێت".
لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە، لە کاتێکدا بەگوێرەى یاساى بودجە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى بەغدا بکات بەمەبەستى هەناردەکردنى یان بۆ بەکارهێنانى نێوخۆیی.
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی شوباتی 2024، عەلى عەبدولستار، ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەر هەیە لە ماوەی مانگێک بۆ دوو مانگی دیکە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رۆژی دووشەممە، 12-02-2024، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، گفتوگۆکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، پێشڤەچوونی بەخۆوە بینیوە.
وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی، گفتوگۆکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە سەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان لەسەر رێڕەوی راستن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لە داهاتوویەکی نزیکدا.
رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام هێشتا هەناردە دەستی پێنەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ