لە فڕۆکەخانە و دەروازەکانی عێراق دۆلار بە کێ دەفرۆشرێت؟

17-02-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەى رێنماییەکانى بانکى ناوەندیى عێراق، گەشتیاران دەتوانن سێ تاوەکو حەوت هەزار دۆلار بۆ گەشتى عومرە بە نرخى فەرمى بکڕنەوە، بەو مەرجەى گەشتەکان بۆ سێ وڵات نەبن و لە مانگێکشیدا یەک جار دۆلار بە گەشتیاران دەفرۆشرێت.
 
29ـى کانوونى دووەمى 2023، بانکى ناوەندیى عێراق فەرمانیدا بە هەریەک لە بانکەکانى بازرگانیى عێراقى TBI، رافیدەین و رەشید بە زیادکردنى دەروازەکانى فرۆشتنى نەختینەیی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانى (بەغدا، بەسرە، نەجەف، هەولێر و سلێمانى).  
 
ئەو هەنگاوە بۆ رێگرییە لە دابەزینى زیاترى بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلار کە سەرەڕاى ئەوەى نرخى فەرمیی یەک دۆلار لە بانکى ناوەندى 1300 دینارە، بەڵام بەهاى 100 دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا لەسەروو 150 هەزار دینارەوەیەوە.
 
کێ دەتوانێت دۆلار بۆ گەشت بکڕێت؟
 
پرۆسەى فرۆشتنى دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانە و دەروازە وشکانییەکانە جگە لە دەروازە وشکانییەکانی عێراق لەگەڵ کۆمارى ئیسلامیى ئێران کە گەمارۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاى لەسەرە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-02-2023، نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەگەر گەشتیارەکە عومرەکار بوو، دەتوانێت تاوەکو سێ هەزار دۆلار لە نووسینگەى بانکە رێگەپێدراوەکان لەنێو فڕۆکەخانە بکڕێت، بەڵام بۆ گەشتى وڵاتانى دیکە دەتوانن تاوەکو حەوت هەزار دۆلار بکڕن، بەڵام نابێت لە 10 هەزار دۆلار زیاتریان پێ بێت لەکاتى گەشتەکەیاندا.
 
نەرمین مەعرووف گوتیشى: "بانکى ناوەندى دۆلارێک بە 1300 دینار لە وەزارەتى دارایی وەردەگرێت، بە 1310 دینار بە بانکە رێگەپێدراوەکانى دەفرۆشێتەوە و ئەوانیش بە 1320 دەیفرۆشنەوە بە گەشتیاران".
 
رۆژانە بانکى ناوەندى بە دوو شێوە دۆلار دەفرۆشێت کە یەکێکیان بۆ حەواڵەى دەرەوە و بەشێکى دیکەیان فرۆشتنى نەختینەییە کە گەشتیاران سوود لەم بەشى فرۆشتنە دەبینن.
 
چەند جار دەتوانرێت بۆ گەشت دۆلار بکڕدرێت؟
 
یەکێک لە رێگەکانى سپیکردنەوەی پارە و بەقاچاخبردنى دۆلار بە لاى بانکى ناوەندییەوە، فرۆشتنى نەختینەیی دۆلارە بە گەشتیاران کە لە مانگى ئابى ساڵى 2022ـەوە رێوشوێنەکانى لەسەر ئەو جۆرە فرۆشتنە تووند کردووەتەوە، سەرەڕاى ئەوەى رێوشوێنە هاوشێوەکانى لەسەر فرۆشتنى دۆلار بەمەبەستى بازرگانى و حەواڵەى دەرەکی تووند کردەوە.
 
لاوەند مەموندى، سەرۆکى یەکێتیی کۆمپانیاکانى گەشت و فڕۆکەوانیى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند:بەگوێرەى رێنماییەکانى بانکى ناوەندى، گەشتیاران دەتوانن لە مانگێکدا تەنیا بۆ یەک گەشت دۆلار بە نرخى فەرمى بکڕنەوە.
 
لاوەند مەموندى ئاماژەى بەوەشدا کە ئەو گەشتیارانەى کە دۆلاریان پێدەفرۆشرێت، دەبێت خاوەنى پاسپۆرتى عێراقى بن، ئەگەر بە پاسپۆرتى وڵاتێکى دیکەوە گەشت بکات، ناتوانێت ئەو بڕە پارەیە وەربگرێت. گوتیشى: "کڕینى دۆلار لە فڕۆکەخانە لەسەر بنەماى تکتى فڕۆکەکەى دەبێت".
 
دۆلار بۆ گەشتیارانى سێ وڵات نافرۆشرێت 
 
بەگوێرەى رێنماییەکانى بانکى ناوەندى، فرۆشتنى دۆلار بە گەشتیاران بۆ گەشتکردن بۆ چەند وڵاتێک رێگەپێدراو نییە کە ئەوانیش بریتین لە ئێران، کۆریاى باکوور و سووریا.
 
نەرمین مەعرووف ئاشکرایکرد کە پێشتر لوبنان-یش لەنێو لیستى ئەو وڵاتانەدا بووە کە گەشتیاران نەیاندەتوانى لەسەر بنەماى گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە دۆلار بە نرخى فەرمى بکڕن، بەڵام بەهۆى ئەوەى کە ژمارەیەکى زۆر لە خوێندکارانى عێراقى لە لوبنان دەخوێنن، ماوەى دوو رۆژە لوبنان لەو قەدەخەکردنە دەرکراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە