15 ساڵە بەردی بناخەی پرۆژەی پاڵاوگەی کرماشان دانراوە و جێبەجێ نەکراوە

16-02-2022
فواد حەقیقی
نیشانەکردن کرماشان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پاڵاوگەی نەوتی کرماشان دوای 15 ساڵ لە دانانی بەردی بناخەی، هێشتا دروست بەکراوە. نوێنەرێکی کرماشان لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت لە هەوڵدان لە رێگەی ئاڵوگۆڕی کاڵا بە کاڵای نەوتەوە پێداویستییەکانی ئەو پاڵاوگەیە دابین بکەن، بەڵام ئەویش هێشتا روون نییە.
 
محەممەد رەشیدی، پەرلەمانتاری کرماشان، رایگەیاند: "70٪ی پشکەکانی پاڵاوگەی نەوتی ئاناهیتای کرماشان دراوەتە قەرارگای خاتەم ئەنبیای سوپای پاسداران، بەڵام ئەم قەرارگایەش سەرمایەی پێویستی بۆ جێبەجیکردنی پرۆژەکە نییە".
 
محەممەد رەشیدی هەروەها دەڵێت: "لە هەوڵداین لە رێگەی ئاڵوگۆڕی کاڵا بە کاڵای نەوتەوە پرۆژەی پاڵاوگەی ئاناهیتای کرماشان جێبەجی بکەین، بەڵام بەدواداچوون بۆ ئەوە دەکەین کە ئاخۆ ئاڵوگۆڕی کاڵا بە کاڵا پاڵاوگەی ئاناهیتاش دەگرێتەوە یان نا".
 
پاڵاوگەی ئاناهیتا ئەگەر تەواو بکرێت، لە توانایدایە رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوت بپاڵێوێت.
 
کۆتایی پاییزی ساڵی 2006 کاتێک مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران کە بۆ یەکەمجار سەردانی پارێزگای کرماشانی کرد، بڕیاردرا پاڵاوگەی ئاناهیتا دروست بکرێت. دوو ساڵ دواتر لە کۆتاییەکانی هاوینی ساڵی 2008 بەردی بناخەی پاڵاوگەکە دانرا.
 
لەسەر رێگای کرماشان بۆ هەمەدان 571 هەزار هێکتار زەوی بۆ دروستکردنی پاڵاوگەکە تەرخانکرا، بەڵام دوای ماوەیەک بە پاساوی نەبوونی بودجە، دروستکردنی پاڵاوگەکە درەنگ کەوت.
 
هاوینی ساڵی 2015 عەلی رەبیعی، کە ئەوکات وەزیری کار بوو بە سواری شۆفێڵ دیسان بەردی بناخەی پرۆژەکەی دانایەوە. ئەو بە سواربوونی شۆفێڵ ویستی نیشان بدات کە ئەوە ئیدی پرۆژەکە دەستیپێکرد و تەواو دەکرێت. بەڵام لەو کاتەوە کارێکی ئەوتۆی تێدا نەکراوە.
 
سەرەتا رێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، سندووقی خانەنشینانی ئێران و گرووپی نەوت (سندووقی خانەنشینانی نەوت، کۆمپانیای نیشتمانی پاڵاوتن و دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران)  هەریەکەیان خاوەی 33٪ی پشکەکانی پاڵاوگەی ئاناهیتا بوون.
 
بەهاری ساڵی 2021 پشکەکانی پاڵاوگەی ئاناهیتا بە قەرارگای خاتەم ئەنبیا - لقی ئابووری سوپای پاسداران درا.ئەو کات بێهزاد باباخانی، جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری ئابووری گوتی: "پێشبینی دەکەین لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا پڕۆژەکە تەواو بێت و سوودی لێوەربگیرێت". بەگوتەی باباخانی، ئێستا پرۆژەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بڕیارە وەک پاڵاوگە و پترۆکیمیایی بکرێتەوە.
 
ئەم پرۆژەیە تێچووەکەی 120 تریلیۆن تمەنە (نزیکەی 4 ملیار و 500 هەزار دۆلار)، بەڵام بەگوتەی محەممەد رەشیدی، قەرارگای خاتەم پارەیەکی ئەوتۆی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە نییە.
 
بەرپرسانی کرماشان دەڵێن پاڵاوگەی ئاناهیتا  دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بواری پیشەسازیی رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبێت و رێگری لەوە بکات کە نەوتی کرماشان بە خاوی بفرۆشرێ، جگە لەوە پێویستیی نەوتی رۆژهەڵاتی کوردستان دابین بکات و بۆ وڵاتانی دیکەش هەناردە بکرێ.
 
بەڵێنەکان بۆ دروستکردنی پاڵاوگەی ئاناهیتا هێندە دووبارە بوونەتەوە، کە خەڵک و بەرپرسانی ناوچەکەی نائومێد کردووە. هاوینی ساڵی 2021 عەبدولڕەزا میسری، نوێنەری کرماشان لە پەرلەمانی ئێران و جێگری سەرۆکی پەرلەمان، گوتی: "وادیارە حکومەت نایەوێت ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکات".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.