داهاتی هەناردەی پەینی کیمیایی رووسیا 70% زیادبووە

16-01-2023
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

داهاتی هەناردەی پەینی کیمیایی رووسیا لە ساڵی رابردوودا 70% زیادبووە، ئەوەش سەرەڕای کەمبوونەوەی قەبارەی هەناردەی بەرهەمەکە.
 
رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بە فاو ناسراوە، دەڵێت، لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2022دا، داهاتی هەناردەی پەینی کیمیایی رووسیا گەیشتووەتە 16.7 ملیار دۆلار، بەوەش 70% بەرزبووەتەوە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2021.
 
فاو دەشڵێت، لەڕووی قەبارەوە، هەناردەی پەینی کیمیایی رووسیا لە 10 مانگی ساڵی 2022دا 10% کەمبووەتەوە بەراورد بە یەک مانگی ساڵی 2021. ئەمەش لە کاتێکدایە شارەزایان پێشبینییان دەکرد لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکرایناوە هەناردەی پەینی کیمیایی رووسیا بە ئاستێکی زۆر زیاتر کەم بکات.
 
لەدوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، وڵاتانی رۆژئاوا زنجیرەیەک سزای ئابوورییان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند، بەڵام دەڵێن، سزاکانیان کەرتی هەناردەی خۆراک و پەینی کیمیایی رووسیای بەئامانج نەگرتووە، ئەوەش بە مەبەستی پشتیوانیکردنی ئاسایشی خۆراک، بە تایبەتی لە وڵاتانی هەژارنشیندا.
 
رێکخراوی فاو ئەوەشی خستووەتەڕوو، مۆسکۆ هەناردەی پەینی کیمیایی بۆ وڵاتانی هیندستان، تورکیا و ڤیێتنام زیادکردووە؛ جۆزێف شمیدهەب، جێگری بەڕێوەبەری فاو لە بەشی بازاڕ و بازرگانیدا دەڵێت، "روونە کە وڵاتانی وەکو هیندستان لەڕووی هاوردەی پەینی کیمیاییەوە گەورەترین سوودمەند بوون."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە