تەیف سامى رەزامەندیی لەسەر گواستنەوەى 430 ملیار دینارەکەی هەرێمى کوردستان دەربڕى
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى دارایی عێراق رەزامەندیی لەسەر گواستنەوەى 430 ملیار دینار بۆ سەر مووچەى هەرێمى کوردستان دەربڕى، وەک هەنگاوى بەر لە ناردنى ئەو بڕە پارەیە.
بەگوێرەى بەدواداچوونى رووداو کە لە دوو سەرچاوەى بەرپرسی بەغداوە دەستى کەوتووە، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 15ـی کانوونى یەکەمى 2024) تەیف سامى، بە فەرمى واژۆى لەسەر نووسراوى گواستنەوەى 430 ملیار دینارەکە کردووە بۆ سەر پشکى مووچەى هەرێمى کوردستان لەدواى راستکردنەوەى نووسراوێکى پێشووى وەزارەتى دارایی و ئابووریی حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە بە هەڵە لە برى ملیار بۆ ئەو بڕە پارەیە، ملیۆن نووسرابوو.
یەکێک لەو سەرچاوانەى رووداو ئاماژەی بەوەدا، واژۆکردنى ئەو گواستنەوەیە دواى ئەوە بووە کە وەزارەتى دارایی و ئابووریی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە نووسراوێک هەڵەى ملیۆن دینارەکەى پێشووى راستکردووەتەوە و بۆ بەغداى ناردووە.
پێشتر لە 8ـی کانوونى یەکەمی 2024 وەزارەتى دارایی عێراق بە نووسراوێکى فەرمى داواى لە وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان کردبوو روونکردەوەیان بداتێ لەبارەى نووسراوێکیان بۆ ئەو 430 ملیار دینارە کە لە برى ملیار بە ملیۆن نووسرابوو، رۆژێک دواتر وەزارەتى دارایی و ئابوورى وەڵامى دابوونەوە بەوەى خشتەى گواستنەوەکەیان بۆ دەنرێنەوە کە بڕەکەى 430 ملیار دینارە.
گواستنەوەى ئەو 430 ملیار دینارە بۆ ئەوەیە؛ کورتهێنانى مووچەى هەرێمى کوردستانى پێ پڕبکرێتەوە بەو پێیەى بەغدا سێ گوژمەى 760 ملیار دینارى دیاریکردووە بۆ مووچەى مانگەکانى تشرینى یەکەم و دووەم و کانوونى یەکەم، لەکاتێکدا هەرێمى کوردستان مانگانە پێویستى بە زیاتر لە 980 ملیار دینارە بۆ دابەشکردنى مووچە بە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانیشەوە.
تاوەکو ئێستا وەزارەتى دارایی عێراق یەک گوژمەرى لەو 760 ملیار دینارییە ناردووە، یەکێک لە سەرچاوەکانى رووداو گوتى "رەزامەندیدان لەسەر گواستنەوەى 430 ملیار دینارەکە، هەنگاوى بەر لە ناردنى ئەو بڕە پارەیە بۆ قەرەبووى کورتهێنانەکە."