ئەپیکور: 50٪ـی نەوتی کوردستان بەرهەمدەهێنین
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان – ئەپیکور، رایگەیاند کۆمپانیایەکی نەوتیی هەنگاری بووەتە ئەندامی کۆمەڵەکە و بەوەش ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵەکە بوونە هەشت کۆمپانیا، گوتەبێژی کۆمەڵەکەش دەڵێت: "ئێستا زیاتر لە 50٪ـی تەواوی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنین."
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان – ئەپیکور رایگەیاند: "کۆمپانیای کالێگران بی ڤی، بووە هەشتەمین کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتی ئەندام لە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان - ئەپیکور."
کۆمپانیای کالێگران بی ڤی، کۆمپانیایەکی لاوەکیی مۆڵ گرووپە و لە ساڵی 2007ـەوە بەشداری لە کەرتی نەوتی کوردستاندا کردووە، بە رێژەی 20٪ هاوبەشی کۆمپانیای نەوتیی"گەڵف کیستۆن"ـە کە ئەندامی ئەپیکۆرە.
کالێگران بی ڤی، چالاکیی فراوانی لە ناوەند و رۆژهەڵاتی ئەوروپا هەیە، لەوانە سێ پاڵاوگە، دوو کێڵگەی پێترۆکیمیایی و تۆڕێکی 2400 وێستگەی خزمەتگوزاری.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور، دەڵێت: "کالیگران بی ڤی کە دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەکەمان، دەنگی ئەپیکور لە پیشەسازیی نەوتدا بەهێزتر دەبێت، کالیگران بی ڤی لەگەڵ کۆمپانیا ئەندامەکانی دیکەمان تەرخانکراوە بۆ بەرەپێشبردنی تەواوی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە بەرژەوەندیی خاوەن پشکەکان، کارمەندان و ئابووریی عێراق." هەروەها دەڵێت: "ئێستا زیاتر لە 50٪ـی تەواوی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنین".
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور، دەڵێت: "ئەندامانی ئەپیکور هانی هەموو لایەنەکان دەدەن بگەنە چارەسەرێکی بازرگانی کە مافەکانیان بەگوێرەی گرێبەستەکانیان بپارێزێت و پەرە بە کەشی وەبەرهێنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بدات."
رۆژی پێنجشەممە، 7-12-2023، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان – ئەپیکور، کە کۆمەڵەیەکی وەبەرهێنانی بواری نەوت و گازە لە هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی پەیوەندیکردنی کۆمپانیای وێسترن زاگرۆسەوە بە کۆمەڵەکەوە ئاشکراکرد و رایگەیاند ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵەکەیان بۆ حەوت ئەندام زیادیکرد.
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور-APIKUR) کۆمەڵەیەکی وەبەرهێنانی بواری نەوت و گازە. لە مانگی شوباتی 2023 لەلایەن کۆمپانیاکانی DNO، Genel Energy، Gulf Keystone Petroleum، HKN Energy و ShaMaran Petroleum دامەزراوە.