سوودانی هۆکاری نەناردنی بودجە و مووچە بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، حکومەتی عێراق لە هەمووان بەپەلەترە بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام کێشەیان بۆ دروست بووە، چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش هەمواری یاسای پێویستە کە خۆی رەشنووسێکی بۆ ئەو مەبەستە پێشکێشکردووە. 
 
لە بەرنامەی بێستوون تۆکی رووداو کە شەوی پێنجشەممە پێشکێشکرا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیکردەوە کە بۆچی دوای پەسندکردنی یاسای بودجە، پشکی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە لەلایەن بەغداوە. 
 
گفتوگۆکە بەوە دەستیپێکرد کە پێشکێشکاری بەرنامەکە لە سوودانی پرسی، ئەو پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەیە و نیەتێکیش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، بەڵام خەڵک لە هەرێمی کوردستان بێ مووچەن. 
 
سوودانی رایگەیاند: "نایشارمەوە کێشەمان هەیە لەسەر دەروازە سنوورییەکان، کێشەمان هەیە لە لێکدانەوەی یاسای بودجە. ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی مووچەخۆران کێشەی وەرنەگرتنی مووچەیان هەیە کە مافی خۆیانە و مافی هەموو فەرمانبەرێکە. لە یاسای بودجەدا، یان لە هەموو یاساکانی بودجە لە حکومەتەکانی پێشتریشدا، بەندێکی روون هەیە بەناوی خەرجیی گشتی، خەرجیی گشتی ئەوەیە کە دەوڵەت چەندە خەرج دەکات، رێژەی 12.6٪ دادەنێین بۆئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان بە تەمویلێکی مانگانە بدەین. هیچ بەندێکی روون لە یاسای بودجەدا نییە کە تایبەت بێت بە مووچەی فەرمانبەران. 12.6٪ ئەوە بەشی هەرێمە. دەیەوێ بیداتە مووچە، دەیەوێ پڕۆژەی پێ جێبەجێ بکات، ئەوە دەسەڵاتی خۆیەتی بەگوێرەی دەستوور."
 
حکومەتی فیدراڵی بە گوێری قسەکانی سوودانی، ئەو رێژەیە لە خەرجییە گشتییەکان دەدات و وەزارەتی دارایی دەڵێت، "ئێمە ئەوەندەمان خەرج کردووە. ئەو رێژەیە دەربێنن و پارەی هەرێم [ـی کوردستان] بدەن، لە بەرامبەریشدا دەبێ هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت و داهاتە نانەوتییەکانی بنێرێ. خەریک بووین یاسای بودجەی سێ ساڵیی بودجەمان جێبەجێ دەکرد تووشی کێشەیەک هاتین کە چاوەڕێی نەبووین. یەکەمیان یاساکە بەجۆرێک هەموار کرابوو جیاواز بوو لەوەی لە رەشنووسەکەدا لەسەری رێککەوتبووین و ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دابوو. گەیشتە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئێمەش رێزی ئەو دەستکارییەمان گرت و گوتمان جێبەجێی دەکەین، بەڵام ئەوە کێشەی بۆ دروستکردین، بەتایبەتی لە بابەتی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت."
 
خاڵێکی دیکە کە کێشەیەی لەبەردەمیان دروستکردووە بەپێی گوتەکانی سوودانی، بڕیاری دادگەی نێوبژیوانییە کە لە پاریس دەرچوو، ئەوەش بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی لەڕێی ئەو بۆڕییەوە راگرت کە بە هەرێمی کوردستاندا دەڕوات بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا. 

 

 
سوودانی گوتی، "لێرەدا هەرێم داهاتی نەوتی لەدەستچوو، تەنیا داهاتی نانەوتی مایەوە و ئەمەش کێشەکەی ئاڵۆز کرد. زیانی لەو داهاتە دا کە وای لە هەرێم دەکرد پابەندییەکانی سەرشانی بەرامبەر هاووڵاتیان جێبەجێ بکات، باشە وەختێک هاتینە سەر ئەوەی پارە بۆ هەرێم بنێرین، هەرچەندە ئەمە وردەکارییەکە نامەوێ سەری ئێوەی پێ بئێشێنم، بەڵام پێویستیشە بیزانن چونکە هەر ئەمە خۆیشی کێشەیە. لە بەغدا ، ئەمڕۆ وەکو حکومەتی فیدراڵی، ئەم سەرۆکوەزیرانە کە ئێستا لە بەرامبەرتانە مەحکومی یاسایە. من ئەو دەسەڵاتە رەهایەم نییە بەسەر یاسادا باز بدەم و بڵێم فڵان شت بنێرن."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایەکی لە عێراق هەیە لەسەر ئەو پرسە کە هەمواری یاسای بودجە بکرێتەوە، لەبارەی ئەوەی کە ئایە حکومەتی عێراق ئامادەیە بۆ هەموارکردنەوەی؟ سوودانی گوتی، "بۆئەوەی بەرەوڕووی ئەو کێشە ببینەوە، ناچار بووم بچم پارە بە قەرز بدەم.. مەسەلەی ئەو قەرزانەتان بیستووە. ئەمە رێکارێکە چونکە جێبەجێکردنی یاسای بودجە ئەو نەرمییەی تێدا نییە کە رێگە بدات پارە بدەینە هەرێم [ـی کوردستان] بۆئەوەی مووچە بدات، بۆیە ناچار بووم بەشێوەی قەرز بیدەم، دوایین قەرزیش رۆژێک پێش ئەم بەرنامەیەی ئێوە درا. [سەرەتای ئەم هەفتەیە] واژۆم بۆ وەزارەتی دارایی کرد 700 ملیار دینار رەوانەی حیسابی حکومەتی هەرێم بکەن. چارەسەری کۆتایی بۆئەوەی ئەم کێشەیە بە یەکجاری چارەسەر بکەین، ئەوەیە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان حاڵیان حاڵی فەرمانبەرانی دیکەی دەوڵەتی عێراق بێت. هاونیشتیمانییەکی عێراقییە و فەرمانبەرە و مووچەی خۆی وەردەگرێ بە چاوپۆشی لە هەموو ئەم وردەکارییەی باسمان کرد."
 
ئەو کارە پێویستی بە هەموواری یاسا هەیە، لەبارەی میکانیزمەکەی سوودانی رایگەیاند، "داوام لە لیژنەی دارایی پەرلەمان کردووە کە هەموو پێکهاتەکانی تێدایە. تیمی راوێژکاران رەشنووسێکیان داونەتێ کە خۆم ئامادەم کردووە، بۆئەوەی بیخوێننەوە و رەزامەندی لەسەر بدەن و لە ئەنجوومەنی وەزیران بخرێتە دەنگدانەوە و پاشان پشتیوان بە خوا ئەو هەموارە لە نزیکترین دەرفەتدا دەنێرین."
 
لەبارەی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12 کە خەڵکی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانین و کاتێکی دیاریکراو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەمشێوەیە وەڵامی دایەوە: "یەکەم، حکومەت لە هەر لایەکی دیکە بەپەلەترە لەمەدا، لە هەمواری یاساکە دەڵێم، چونکە دەزانین چ کاریگەرییەکی لەسەر باری بژێویی هاونیشتمانی و لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری هەیە. هەر ئەوەندەی بەشێوەیەکی مەبدەئی بگەینە رێککەوتن ئەنجوومەنی وەزیران دەنگ بۆ هەموارەکە دەدات و دەینێرین بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران کە ئێستا لە پشوودایە و رەنگە دوای هەڵبژاردنەکانی 18/12 دەست بە دەوام بکەنەوە."
 
لەسەر پرسی جیاوازیی مانگەکان لە پێدانی مووچەش دەڵێت: "بابەتی جیاوازییەکان. ئێمە لە کۆتایی ئەم مانگەدا تەتەڵەی دەکەین، بڕی ئەو پارانەی دراونەتە هەرێم بەراورد بە خەرجییە گشتییەکان، چونکە وەکو گوتم من مەحکومم بە یاسا. من بیرم لە هەمواری یاساکە کردووەتەوە بۆئەوەی لەم کێشەیە دەرباز بین. لەبەر رۆشنایی ئەو تەتەڵەیە، تەماشا دەکەین بەشی هەرێم ئایا کەمتر بووە لە پشکی خۆی؟ ئەوکاتە پارەی دیکە دەخرێتە سەر بەشەکەیان. ئەگەر هێندەی بەشەکەشیان بوو، ئەوە ناچار دەبین بچین ساڵی نوێوە و بەگوێرەی هەموارە نوێیەکە بڕۆین."
 
خەڵکی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی مووچەی ئەو سێ مانگە بکات؟
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا ئاماژەی بەوەکرد، "تۆ قەرز لە چوارچێوەی بڕی پێشبینیکراوی پشکی هەرێم دەدەی. ناتوانی لە دەرەوەی پشکی خۆی پارە بدەی، چونکە مەحکومی بە یاسا. من دەمەوێ بڕۆم بۆ هەموارەکە بۆئەوەی ئەو حاڵەتە تێپەڕێنم و بە پلەی یەکەمیش دەمەوێ ئەوە بپارێزم کە مووچەی فەرمانبەران بێ ئاستەنگ بڕوات، ئەوەشی دەمێنێتەوە دەتوانین چارەسەری بکەین، چونکە شتێک کە ناتوانین دوای بخەین مووچەی فەرمانبەرانە. بۆیە دەمانەوێ پەلە بکەین."
 
کچێکی هەڵەبجەیی بۆ سوودانی: لەبەر بێمووچەیی دایک و باوکم ساڵێک خوێندنم لەدەستچوو

 

 
کاڵێ رێناس یەکێک بوو لەو خوێندکارانەی لە بەرنامەکەدا پرسیاری لە سوودانی کرد، ئەو خەڵکی هەڵەبجەبوو و پێش پرسیارەکە چیرۆکی خۆی گێڕایەوە کە بەهۆی بێمووچەییەوە تووشی چ سەختییەک بووە، گوتی، "من لە پۆلی 10ی ئامادەیی بووم بیرمە کە چوومە خوێندنگە 30 خوێندکار پێکەوەبووین لە پۆلەکە، من تەنیا یەک کالەم هەبوو لەبەر بکەم، هەمیشە پێیان دەوتم یان لە نێوان خۆیان خوێندکاران دەیانگوت بۆنی پیڵاوێک یان کالەیەکی ناخۆش دێت، رووم نەدەهات بڵێم هی منە، نەشمدەتوانی بە دایک و باوکم بڵێم، چونکە دڵنیابووم لەوەی ئەوانیش پارەیان نییە، شتێک کە هەرگیز لەبیرم ناچێت ساڵێکی خوێندم فەوتاو، لەبەر بێ مووچەیی، کاتێک لە خولی دووەمی تاقیکردنەوەکاندا کە چوومە تاقیکردنەوە جلەکەم ئەوەندە دڕابوو  نەمەتوانی بیدوورمەوە یان پینە و پەڕۆ بکەم، بە جلێکی ئاساییەوە رۆیشتم و بەڕێوەبەرەکەم نەیهێشت بچمە ژوورەوەو  بۆیە ساڵێک مامەوە لە خوێندن، ئەمە لەوانەیە یەکێک بێت لەدەیان.... ئەمە یەکێک بوو لەو سەتان چیرۆکانەی کەلە ماڵی ئێمە و هەزاران ماڵی دیکەی خەڵکی کوردستان هەیە، من دڵنیام جەنابت زۆر بە باشی ئاگاداری دۆخی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی، بەپێی دەستووری عێراق دەبێت ژیانێکی شایستە بۆ تەواوی هاووڵاتییان بە باشی فەراهەم بکەی و ئەمە ئەرکی بەڕێزتانە کە ئەو ژیانە شەرەفمەندانە بۆ تاک بە تاکی هاووڵاتییانی وڵاتەکەت فەراهەم بکەی، پێش ئەوەی پرسیارەکەم بکەم، تکات لێدەکەم وەڵامێکی مەتاتیم ناوێت، خۆت دەزانی دوو پایەی سەرەکی ژیان و مسۆگەرکردن و بەرەوپێشچوونی هەر کۆمەڵگە و دەوڵەتێک کەرتی پەروەردە و تەندروستییە، بەداخەوە ئێستا لە کوردستان بەهۆی بێ مووچەییەوە ئەو دوو کەرتە لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان، ئێوە دەتانەوێت ئەو بارودۆخە تاقەتپڕووکێنە تاکەی بەردەوام بێت و تاکەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانی مووچەکانیاندا بن، یان کەی ئەو دەیان هەزار مووچەخۆرە دەگەیێنە کەناری ئارامی؟
 
سوودانی لە وەڵامدا گوتی، "ئەو قسانەت زۆر کاریگەر بوون، بەتایبەتی بۆ من کە بەرپرسم و لێرە قسە دەکەم. تەقدیری ئەو بارودۆخە سەختە دەکەم کە گەلی ئێمە لە کوردستان پێیدا دەڕۆن. بەپێچەوانەوە بەردەوامبوون و سووربوونت لەسەر درێژەدان بە خوێندن و تاقیکردنەوەکانت بەڵگەن بۆ ئیرادەی بەهێزی تۆ و شانازی بەوەوە دەکەم، بەتایبەتیش کە لە شارێکەوە هاتووی شاری قوربانیدان و خۆڕاگرییە و نموونەی یەکێ لە تاوانە گەورەکانە کە تاوانی کۆمەڵکوژییە لەسەردەستی رژێمی دیکتاتۆری. ئەوپەڕی رێز و تەقدیرم بۆ هەڵەبجە و شەهیدانی هەڵەبجە و خەڵکی هەڵەبجە هەیە... بۆئەوەی قەیرانی مووچە کۆتایی بێت. هیچ بەدیلێکی دیکەمان نییە. لە تەواوکردنیشی نزیکین پشتیوان بەخوا. ئەمە بەڵێنێکە لە بەردەمی ئێوەدا کە حکومەت لەم نزیکانە بڕیاری لێدەدات. هەر ئەوەندەی رێککەوتن بکرێ لەسەر رەشنووسی یەکەمی، وەکو حکومەت بڕیاری لەسەر دەدەین و پاشان دەیدەینە ئەنجوومەنی نوێنەران. هەر بە پەسندکردنی ئەو هەموارە مەینەتیی فەرمانبەران کۆتایی دێت."