ئیلۆن مەسک بە بەهای 3.58 ملیار دۆلاری دیکە پشکەکانی تێسلا دەفرۆشێت


رووداو دیجیتاڵ

ئیلۆن مەسک لەم هەفتەیەدا بە بەهای 3.58 ملیار دۆلاری دیکەی پشکەکانی کۆمپانیای تێسلای فرۆشتووە، بەڵام تائێستا روون نەبووەتەوە کە پارەکەی لە چیدا خەرجکردووە.  
 
بەپێی تۆمارێک کە شەوی چوارشەممەی رابردوو لەلایەن کۆمیسیۆنی ئاڵوگۆڕی دراوی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و خاوەنی نوێی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر لە رۆژانی دووشەممە تاوەکو چوارشەممە ئەو پشکانەی فرۆشتووە.
 
ئیلۆن مەسک لە مانگی نیسانەوە بە بەهای نزیکەی 23 ملیار دۆلار پشکەکانی تێسلای فرۆشتووە، پێشبینیش دەکرێت بەشی زۆری ئەو پارەیە بۆ دابینکردنی پارەی پێویست بۆ کڕینی تویتەر تەرخانکرابێت کە بڕی گرێبەستی کڕینەکەی گەیشتە 44 ملیار دۆلار.
 
فرۆشتنی پشکەکان لەکاتێکدایە، لەدوای مانگی نیسانەوە کاتێك ئیلۆن مەسک بۆ یەکەمجار پلانی کڕینی تویتەری ئاشکراکرد، بەهای پشکەکانی کۆمپانیای تێسلا زیاتر لە نیوەی لەدەستداوە.
 
بەپێی گۆڤاری فۆربس، دابەزینی بەهای پشکەکانی تێسلا بووەتە هۆی ئەوەی ئیلۆن مەسک پێگەی خۆی وەک دەوڵەمەندترین کەسی جیهان لەدەستبدات و سامانەکەی بۆ 174 ملیار دۆلار دابەزیوە. هەفتەی رابردووش بێرنارد ئارنۆڵتی فەرەنسی، خاوەنی گرووپی ( لوی ڤیتۆن) بووە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان. بێرنارد خاوەنی 60٪ پشکەکانی گرووپی لوی ڤیتۆنە کە دەیان براندی تایبەت بە کاڵای گرانبەها و جلوبەرگ و بۆنی هەیە و سامانەکەی بە سەرووی 186 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
 
کارەکانی کڕینی تویتەر لە لایەن ئیلۆن مەسکەوە بە ئاسانی تەواو نەبوون، کاتێک ئیلۆن مەسک سەرەتا لە گرێبەستی کڕینەکە پەشیمان بووەوە و دۆسیەکە برایە دادگە، دواتر مەسک رەزامەندی لەسەر کڕینی تویتەر بە هەمان نرخی پێشوو دەربڕی. بەشێك لە کۆمپانیا گەورەکانیش رێکلامەکانیان لە تویتەر راگرتووە. مەسک رایگەیاندووە کە بەهۆی زیانەکانی رێکلامکەرانەوە "داهاتی تویتەر زۆر دابەزیوە".
 
وەبەرهێنەران لەم دواییانەدا خۆیان لە مامەڵەکردن بە پشکەکانی تێسلاوە دوورگرتووە و هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ئیلۆن مەسک زۆربەی کاتەکانی بە بەڕێوەبردنی تویتەر بەسەردەبات، ئەمەش ترسی ئەوەی دروستکردووە لە کۆمپانیای تێسلا داببڕێت.
 
دان ئایڤز، شرۆڤەکاری کۆمپانیای وێدبوش دەڵێت، ئێستا مەسک لە چاوی وەبەرهێنەرانی تێسلادا خراپەکارە. ئاماژەی بەوەشکردووە، بنەماکانی تێسلا تەندروست ماونەتەوە، بەڵام رەفتارەکانی لەگەڵ تویتەر زیان بە براندی کۆمپانیاکە دەگەیێنێت. 
 
ئایڤز لە ئیمەیڵێکدا نووسیویەتی: "زاڵبوونی تویتەر کابووسێکە کە گەشە دەکات و جگە لە مەسکیش، کەسی دیکە تاوانبار نییە".
 
مەسک خاوەنی 14.11٪ـی پشکەکانی کۆمپانیای تێسلایە کە بەهاکەی 530 ملیار دۆلارە و جگە لە تێسلا، خاوەنی کۆمپانیای ( سپەیس ئێکس)یشە کە بەهاکەی 125 ملیار دۆلارە.