پارەی ساختە دێتە بازاڕەكانی باشووری كوردستان

15-12-2015
نەوزاد مەحموود
نیشانەکردن پارەی ساختە سلێمانی
A+ A-

رووداو- سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، 5 كەسیان دەستگیركرد كە پارەی ساختەیان هێناوەتە سلێمانی و بڕێك لەو پارەیەشیان لە نێوبازاڕدا خەرجكردووە. 

دوای دەستگیركردنی ئەو 5 كەسە، كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و باشووری كوردستانن و بڕی زیاتر لە 8 ملیۆن دیناری چاپی عێراقییان هێناوەتە سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی روونكردنەوەیەكی بۆ ( تۆڕی میدیایی رووداو) ناردووە و تێیدا هاتووە "تۆمەتبارەكان تاوەكو كاتی دەستگیركردنیان بڕی 1 ملیۆن و 800 هەزار دیناریان لەو پارە ساختەیە لەنێو بازاڕی سلێمانیدا خەرجكردبوو".

بەپێی روونكردنەوەكە، 2 لە دەستگیركراوەكان خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانن و بڕی 7 ملیۆن و 500 هەزار دیناری عێراقی لە جۆری 25 هەزاری ساختەیان پێبووە، بڕی 1 ملیۆن و 300 هەزاریشیان خەرجكردووە، 3 دەستگیركراوەكەی دیكە خەڵكی باشووری كوردستانن و یەكێكیان ئافرەتە، ئەوانیش بڕی 625 هەزار دیناری چاپی عێراقی ساختەكراویان هێناوەتە نێو هەرێمی كوردستان، بڕی  575 هەزار دیناریشیان لێ خەرجكردووە.

راگەیێندراوەكەی ئاسایشی سلێمانی جەخت لە دەستگیركردنی هەموو ئەوانە دەكاتەوە كە پارەی ساختەیان هێناوەتە سلێمانی و رایدەگەیێنێ‌، بە فەرمانی دادوەر دەستگیركراون و رێكارە یاساییەكان لە بەرامبەریان گیراوەتەبەر.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە