تۆمارکردنی کۆمپانیا لەکوردستان لەپاشەکشەدایە

15-11-2014
رەوا عەبدوڵڵا
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەڕێوەبەرێکی تۆماری کۆمپانیاکان رایدەگەیەنێت بەهۆی هێرشەکانی داعش و  ئەو قەیرانە داراییەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی بڕینی بودجە و مووچەوە لە کوردستان دروستبووە، تۆمارکردنی کۆمپانیای خۆماڵی و بیانی، مانگ لەدوای مانگ لە پاشەکشەدایە. 

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان، 23 هەزار و 210 کۆمپانیا لە کوردستان تۆمار کراون (19.853 خۆماڵی و 3.357 بیانی)، بەڵام لە 10 مانگی رابردووی ئەمساڵدا تەنیا 3.032 کۆمپانیا (2.436 خۆماڵی، 596  بیانی) تۆمارکراون، ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵی رابردوو 391 کۆمپانیا کەمی کردووە.

کۆڤان جەلال، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت ئەگەر ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بەراورد بکرێت بەشەش مانگى ساڵی رابردوو، دەردەکەوێت 344 کۆمپانیا کەمی کردووە "ئەم کەمبوونەوەیەش بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەوەیە کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی بڕینی بودجەو مووچەوە لەلایەن حکومەتی عێراق رووی لە کوردستان کردووە".

گوتیشی "ئەوەی بارودۆخەکەى زیاتر ئاڵۆز کرد، هێرشی داعش بوو بۆ سەر هەندێ ناوچەی کوردستان کە بووە هۆی ئەوەی تۆماری کۆمپانیاکان بەگشتی و کۆمپانیای بیانی بە تایبەتى بەرەو سستبوون بڕوات".

لەتۆمارکردنی کۆمپانیاکاندا پارێزگای هەولێر پشکی شێری بەرکەوتووە، چونکە 14.305 کۆمپانیا (12.085 خۆماڵی و 2.220 بیانی) لقی سەرەکییان لە هەولێرە. هەر بۆیە لەپاشەکشێی تۆماری کۆمپانیاکانیش ئەمساڵ پشکی شێر بەر ئەو پارێزگایە کەوتووە، ئەگەر ئاماری 10 مانگی رابردووی ئەمساڵی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بەراورد بکەین بەساڵی رابردوو، دەردەکەوێت 450 کۆمپانیا کەمی کردووە. 

لەتیف عارف، بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکانی هەولێر، رایگەیاند هۆکاری سەرەکی پاشەکشێی تۆماری کۆمپانیا خۆماڵییەکان بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێم و بێ بازاڕییەوەیە، بەڵام پاشەکشێی تۆمارکردنی کۆمپانیا بیانییەکان بەهۆی ناسەقامگیری بارودۆخی ناوچەکەوەیە دوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و دەوروبەری، گوتیشی "هەندێ لە کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان کاری کۆمپانیاکانیان وەستاندووە و هەندێکی دیکەشیان متمانەیان بە بارودۆخەکە نییە، بۆیە بەشێوەیەکی کاتی کوردستانیان جێهێشتووە".

سەبارەت بەژمارەی ئەو کۆمپانیا بیانیانەی هەرێمی کوردستانیان جێهێشتووە و مۆڵەتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە، لەتیف عارف گوتی "ژمارەیان زۆر نییە، نزیکەی 2%ی کۆمپانیا بیانییەکان دەبێ، بەشی زۆریشیان کۆمپانیای تورکی و ئێرانین".

هاوشێوەی کۆمپانیا بیانییەکان، بەشێک لەکۆمپانیا خۆماڵییەکانیش بەهۆی بێ بازاڕییەوە دەرگاکانیان داخستووە، ئاماژە بەوەش دەدەن ئەگەر بارودۆخەکە بەردەوام بێت بەیەکجاری مۆڵەتەکانیان هەڵدەوەشێننەوە. 

دێدەوان موحسین، خاوەنی کۆمپانیای دێدەوان بۆ بازرگانیی گشتی کە کەلوپەلی ئەلیکترۆنی و پێداویستی ناوماڵ هاوردە دەکات، دەڵێت "بەهۆی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و ئەو قەیرانە داراییەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، فرۆشی کۆمپانیاکەمان بۆ 80% دابەزیوە، ئەو لە 20%ەش کە دەفرۆشێت هەمووی بەقیستە و قیستەکانیش بەهۆی دواکەوتنی مووچە لەکاتی خۆی نادرێن".

 دێدەوان موحسین ئاماژەی بەوەدا کە ماوەی زیاتر لە 6 مانگە بەهۆی بێ بازاڕی لەگیرفانی خۆی کرێى سەرقوفڵانەی پێشەنگای کۆمپانیاکەی دەدات. گوتیشی "8 لە هاوڕێکانم کۆمپانیاکانیان داخستووە. ئەگەر بارودۆخەکە درێژە بکێشێت منیش ناچار دەبم کۆمپانیاکەم دابخەم".

بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکانی هەولێر دەڵێت بەهۆی ئەوەی داخستنی بەشی زۆری ئەو کۆمپانیا ناوخۆییانە کاتین و خاوەنەکانیان مۆڵەتەکانیان هەڵنەوەشاندووەتەوە، بۆیە هیچ داتا و ئامارێکیان لەبەردەست نییە بۆ ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی لەهەولێر بەهۆی بێ بازاڕی دەرگای کۆمپانیاکانیان داخستووە، بەڵام گوتی کە ئاگادارە ژمارەیەک کۆمپانیا بەشێوەیەکى کاتى داخراون.

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تۆماری کۆمپانیاکان پێیوایە کۆمپانیا بیانییەکان سەرەڕاى کەمیى ژمارەیان بە بەراورد لەگەڵ کۆمپانیا خۆماڵییەکان، بەڵام بەهۆی سەرمایەکانیان و ئەو شارەزاییەی هەیانە جموجۆڵێکی باشیان خستووەتە نێو ئابووری هەرێمی کوردستانەوە. گوتیشی "هەر کۆمپانیایەک لەکاتی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی مۆڵەتەکەی بڕێک پارە وەک رسومات دەدات و ساڵانەش بەپێی کارکردنی بڕێک باج کە وەزارەتی دارایی دیاریدەکات دەبەخشێت، بەمەش سوود بەئابووری هەرێمى کوردستان دەگەیەنێ".

پسپۆڕانی ئابووری رایدەگەیەنن هەڵکشان و داکشانی تۆماری کۆمپانیاکان هاوتەریبە لەگەڵ بوونی ئاسایش و ئارامی و باشبوونی ئابووری لەهەر وڵاتێک، بۆیە بە لەقبوونی هەر لایەکیان ئەوی دیکەشیان گرفتی تێدەکەوێت.

هەڵۆ عەبدول، پسپۆڕی ئابووری و ئەندامی کارای سەندیکای ئابووریناسانی کوردستان دەڵێت، هەرچەندە لەچەند ساڵی رابردوودا ژمارەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لەهەرێمی کوردستان گەشەسەندنی باشی بەخۆوە بینیوە، بەڵام بەقەد ئەم گەشەسەندنە نەیانتوانیوە وەک پێویست سوود بە ئابووریی کوردستان بگەیەنن و ژێرخانی ئابووری بەرەوپێش ببەن و رێژەی بێکاری کەمبکەنەوە، چونکە وەک ئەو دەڵێت "بەشی زۆریان کۆمپانیاى ساخکەرەوەی بەرهەمن نەک وەبەرهێن".

ئەو ئابووریناسە گوتیشی "خاوەن سەرمایە و کۆمپانیاکان هەمیشە بەدوای قازانجی خێرا و شوێنی ئارامدا دەگەڕێن بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان، بۆیە ئەگەر قەیرانی دارایی هەرێمى کوردستان بەردەوام بێت و مەترسییەکانی هێرشی داعش درێژە بکێشێ، ئەوا لەئایندەدا تۆمارکردنی کۆمپانیاکان زۆر کەمدەبێتەوە و بەدەیان کۆمپانیاش مۆڵەتەکانیان هەڵدەوەشێتەوە".





کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە