رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، خەرجکردنی تەواوکاریی مووچەی مانگی 9ی ھەرێمی کوردستان لە رێکارەکانی کارگێڕییە، لە دوو رۆژی داھاتوودا شایستە داراییەکان رەوانەی سەر هەژماری وەزارەتی دارایی ھەرێم دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2024، مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "خەرجکردنی تەواوکاری مووچەی مانگی 9ی 2024ـی ھەرێمی کوردستان لە رێکارەکانی کارگێڕییە و لە دوو رۆژی داھاتوو دا شایستە داراییەکانی ھەرێم رەوانەی سەر هەژماری وەزارەتی دارایی دەکرێت بۆ ئەوەی حکومەتی ھەرێم مووچەی مانگی 9 خەرج بکات."
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی 9 رادەگەیێندرێت، سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی کورتهێنانی مووچەی مانگی ئەیلوول پڕ دەکاتەوە."
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، " لە مانگەکانی دیکەی ساڵی 2024 ھیچ کێشە و ئیشکالێک لە ناردنی مووچەی ھەرێم [ی کوردستان] نابێت و لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق دابەش دەکرێت."
سەبارەت بە مووچەی مانگی نۆ، رۆژی سێشەممەی رابردوو وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆی گشتی ئەو پارەیەی ئێستا لە بەردەست وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول بریتییە لە 690 ملیار و 392 ملیۆن دینار، بەوەش نزیکەی 305 ملیار دینار کورتهێنان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول هەیە.
وەزارەتەکە راشیگەیاندبوو: "لەسەر بنەمای ئەو بەڵێن و لێکتێگەیشتنانەی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان دراوە لەم چەند رۆژەدا سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج بکرێت کە لە مووچەی مانگەکانی رابردوو بڕدرابوو، تاوەکو بتوانرێت کورتهێنانی مووچەی مانگی ئەیلوولی پێ پڕ بکرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ