نرخی زێڕ بۆ 2647 دۆلار دابەزی

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بۆ 2666 دۆلار بەرزبووەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەهاکەی دابەزی.
 
هۆکاری دابەزینی ئەمڕۆ (سێشەممە، 15-10-2024)ـی نرخی زێڕ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە؛ هاندانە ئابوورییەکانی چین بە ئاشکرا نەبوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای بازاڕەکانی ئەو وڵاتە و، بەهای دۆلاریش لەبەرامبەر دراوەکانی دیکە بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.
 
ئەمڕۆ، زێڕ رێژەی 0.3٪ـی بەهای خۆی لەدەستدا و هەر ئۆنسەیەکی بە 2647 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
سەرەڕای هاندانە ئابوورییەکانی حکومەت، داتا ئابوورییەکانی چین ئاماژە بەوە دەدەن؛ هەستی بەکارهێنان هێشتا لەو وڵاتە بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات، ئەوەش بە نەرێنی کاریگەری لەسەر بازاڕی کاڵا و کانزاکان دەکات.
 
بەردەوامیی داتا لاوازەکانی چین؛ بە ئەگەری زۆرەوە دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی حکومەت نەتوانێت ئامانجی گەشەی ئابووری 5٪ بپێکێت.
 
لەڕووی تەکنیکییەوە دابەزینی زیاتر لە ئاستەکانی ئەمڕۆ، نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 2600 دۆلار هاندەدات و زیاتر دایدەبەزێنێت.
 
ئەگەر بەهەر هۆکارێک، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەخێرایی تەشەنەبکات و نرخی زێڕ بەرزبێتەوە بۆ 2670 دۆلار، بە ئەگەری زۆرەوە ئاستی 2700 دۆلار دەبێتە ئاستێکی نوێی مێژوویی کە نرخی زێڕ دەتوانێت تۆماری بکات.