نرخی نەوت 4 دۆلار دابەزی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ بە رێژەی 3٪ دابەزی و نەوتی برێنت بە نزیکەی 75 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.  
 
دوو هۆکاری سەرەکی کاریگەرییان لە دابەزینی نرخی نەوت کردووە؛ یەکەمیان راپۆرتێکی میدیاییە کە تێیدا باس لەوە دەکرێت ئیسرائیل نیازی نییە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران، ئەوەی دیکەشیان ئۆپێکە کە لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا باس لەوە دەکات؛ خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت روو لە کەمبوونەوە دەکات.
 
رۆژی دووشەممە نرخی نەوت بەرێژەی 2٪ دابەزی و ئەمڕۆ (سێشەممە، 15-10-2024) دابەزینی بەردەوام بوو.
 
بەهای نەوتی برێنت، 2 دۆلار و 27 سەنت دابەزی و بە 75 دۆلار و 19 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، هەروەها نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 2 دۆلار و 22 سەنت دابەزی و بە 71 دۆلار و 60 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەوپێیەش؛ ئەم هەفتەیە، واتا لە دوو کۆبوونەوەی بازاڕدا نرخی نەوت 4 دۆلار لە بەهای خۆی لەدەستداوە.
 
واشنتن پۆست لە بابەتێکیدا رۆژی دووشەممە رایگەیاند نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە بەرپرسانی ئەمریکای گوتووە ئیسرائیل بەنیاز نییە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە نەوتییەکان یان ئەتۆمییەکانی ئێران، ئامانجی زیاتر دامەزراوە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەیە.
 
ئۆپێک هەروەها پێشبینییەکانی بۆ قەبارەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەمساڵ و ساڵی داهاتوودا دابەزاندووە.
 
بانکی ئۆسترالیی نیوزلاندی (ANZ ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەمە، سێیەمین مانگی یەک لە دوای یەکە، کە رێکخراوی ئۆپێک قەبارەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە، ئەوەش بەو مانایە دێت؛ رێکخراوەکە گەشبینییەکانی پێشووی بۆ بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت نەماوە."
 
بانکی ANZ رایگەیاندووە، هێشتا عێراق ئەو بەڵێنانەی دابوونی لەسەر قەرەبووکردنەوەی زیادەی بەرهەمهێنانی پێشوو، جێبەجێنەکردووە.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە