چاودێریی بازرگانیی سلێمانی: نرخی ئارد بەرزبووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دابەشکردنی بەشە ئارد لە هەرێمی کوردستان لە دوای پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوەیە. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لەگەڵ وەزیری بازرگانیی عێراق گفتوگۆی کردووە و کێشەکە "بە یەکجاری" چارەسەرکراوە. بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانیش دەڵێت، نرخی فەردەیەک ئارد دوو هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
 
رۆژی شەممە، 15-10-2022، بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دابەشکردنی بەشە ئاردی مانگانە بە بەش بەش دەبێت. لە پارێزگاکانی عێراق بەشی شەشەم دابەش دەکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەشی چوارەم تەنیا لە هەندێک شوێن دابەشکراوە. دوای دیدارمان لەگەڵ وەزیری بازرگانیی عێراق، بڕیاردرا بە یەکجاریی کێشەکە چارەسەر بکرێت".
 
بە گوتەی بڕیار رەشید، بیانووی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ دواخستنی ناردنی بەشە ئاردی هاونیشتمانییان نەبوونی گەنم بووە لە هەرێمی کوردستان. گوتیشی: "ئاگادارمان کردنەوە کە گەنم لە سلێمانی و هەموو پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ئامادەیە. کێشەکە بەشێوەیەک چارەسەر کراوە کە لەمەودا هەر بەشێک لە بەسرە دابەشکرا هەمان بەش و هەمان کات لە سلێمانی و هەولێریش دابەش دەکرێت، واتا ئەو دواکەوتنە نامێنێت".
 
هەر ئەمڕۆ شەممە، سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای لابردنی لێخۆشبوون لە باجی هاوردەکردنی ئارد لەم مانگەدا، نرخی هەر فەردەیەک ئارد لە بازاڕدا دوو هەزار دینار بەرزبووەتەوە".
 
جگە لەو بەشە ئاردەی مانگانە دەدرێتە هاونیشتمانییان، ئارد لە وڵاتانی تورکیا و رووسیاشەوە هاوردە دەکرێت. لەکاتی دابەشنەکردن یان دواکەوتنی دابەشکردنی بەشە ئاردی مانگانەدا، کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی ئاردی هاوردەش دەبێت.
 
نرخی ئارد ئەمڕۆ شەممە بەمشێوەیەیە:
 
- فەردەیەک ئاردی تورکی لەنێوان 44 بۆ 45 هەزار دینارە.
- فەردەیەک ئاردی رووسی لەنێوان 41 بۆ 42 هەزار دینارە.
- فەردەیەک ئاردی دابەشکراوی مانگانە 29 بۆ 31 هەزارە.
 
بۆ بەشە ئاردی مانگانەی هەرێمی کوردستان، پشکی گەنمی پارێزگای هەولێر 20 هەزار تۆن، سلێمانی 23 هەزار تۆن کە پارێزگای هەڵەبجەی لەنێودایە و دهۆک 14 هەزار تۆنە کە دەبێت لە وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە بنێردرێت.