نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوە بەردەوامە؛ 'ئەم ساڵ 33 تۆن هاوردەکراوە'
رووداو دیجیتاڵ
بازرگانێکی زێڕ لە شاری هەولێر رایگەیاند، ئەم ساڵ تائێستا 33 تۆن زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە. زۆربەی زێڕەکەش هەناردەی شارەکانی عێراق کراوە.
حاجی هەژار قادر، بازرگانێکی زێڕە لە هەولێر بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ 33 تۆن زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە؛ لەو بڕە 30 تۆنی هەناردەی شارەکانی عێراق کراوە، بەو پێیەش 95٪ی ئەو زێڕە هەناردەی شارەکانی عێراق کراوە
زێڕ لە تورکیا و ئیمارات و ئیتاڵیاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بە گوتەی حاجی هەژار، لە هەرێمی کوردستان بە بڕێکی زۆر کەم زێڕ هەناردە دەکرێت ئەویش تەنیا بۆ ئیماراتە.
رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر دیاریکردنی سوودی بانکی لە ئەمریکا کۆدەبێتەوە. پێشبینیدەکرێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2020ـەوە سوودی بانکی 0.25٪ یان 0.50٪ کەمبکاتەوە. هاوکات رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە بانکی ناوەندیی ئەورووپاش بە ئەگەری زۆرەوە سوودی بانکی کەمدەکاتەوە.
کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکاری دابەزینی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دراوەکانی دیکە و هاوکات بە ئەگەری زۆرەوە نرخی زێڕیش زیاتر بەرزدەکاتەوە.
سیتی بانکی ئەمریکی، یەکێک لە گەورەترین بانکەکانی جیهان پێشبینیکردووە، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بەرزبێتەوە بۆ 2600 دۆلار و تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو بگاتە 3 هەزار دۆلار. ئەگەر بگاتە ئەو نرخە، نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بەرزدەبێتەوە بۆ 635 هەزار دینار.
حاجی هەژار قادر دەڵێت: بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ 70٪ی زێڕینگەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق زەرەرمەند بوون، چونکە ئەو زێڕەی بە نرخی هەرزان دەیفرۆشن فریای کڕینەوەی ناکەون و نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە.
لە بارەی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ، گوتی، بەگوێرەی راپۆرتی بانکە جیهانییەکان نرخی زێڕ زیاتر بەرزدەبێتەوە، خواستی زۆر لەسەر کڕینی هەیە و هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا کاریگەری لەسەر نرخەکەی دەبێت. پێشبینی دەکرێت نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بۆ 2650 دۆلار بەرزببێتەوە.