کۆمپانیای ئەپڵ چوار جۆری ئایفۆن 13ی خستەڕوو


رووداو دیجیتاڵ

دوای چەند هەفتەیەکی سەخت بۆ کۆمپانیای ئەپڵ کە رووبەڕووی چەندین کێشەی یاسایی بووەوە و تۆمەتباکرا بەوەی کە قوڕخکاری لە بازاڕی تەکنەلۆژیا دەکات، رۆژی سێشەممە کۆمپانیاکە چەندین بەرهەمی نوێی نمایشکرد لە نێوانیشیاندا بەرهەمی نوێی ئایفۆن 13 و ئای پاد و کاژێری ئەپڵ.
 
دوای خستنەڕووی ئەو بەرهەمە نوێیانە کۆمپانیای ئەپڵ رایگەیاندووە کە 24ی ئەم مانگە بەرهەمە نوێیەکان لە بازاڕدا دەگاتە دەستی بەکاربەران.
 
کۆمپانیای ئەپڵ لە ئایفۆنی 13 کۆمەڵێک گۆڕانکاری کردووە کە ئەوانەش بریتین لە درێژکردنەوەی تەمەنی پاتری و زیادکردنی توانای میمۆرییەکەی بۆ 1 تێرابایت. هەروەها کوالێتیی شاشە و کامێراکەشی بەراورد بە ئایفۆن 12 بەرزکردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئایفۆن 13 ئەستوورتر و لە رووی کێشەوە قورسترە.
 
ئایفۆن 13 بە چوار قەبارەی جیاواز خرایەڕوو، ئایفۆن 13ـی ئاسایی، ئایفۆن 13ـی مینی، ئایفۆن 13ـیی پرۆ و پرۆماکس.