وەزارەتی پیشەسازیی عێراق: 2024مان بە ساڵی کانزاکان داناوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نێوەڕاستی مانگی 10ـی ئەم ساڵ، کۆڕبەندێکی تایبەت بە کانزا و پیشەسازی لە بە‌غدا بەڕێوەدەچێت. گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق دەڵێت: کۆڕبەندەکە بۆ عێراق رووداوێکی ئابووریی گەورە دەبێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی ئابی 2024، زوحا جبووری، گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم ساڵمان ناو ناوە ساڵی کانزاکان؛ چونکە رۆژانی 16 و 17ـی تشرینی یەکەمدا کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ پیشەسازی و کانزاکان بەڕێوەدەچێت."
 
گوتیشی: "کۆڕبەندەکە بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە بەشداری دەیان بەرپرسی باڵای وڵاتان، سەرمایەدار، گەورە کۆمپانیا عەرەبی و بیانییەکان بەڕێوەدەچێت؛ کۆڕبەندەکە رووداوێکی ئابووری گەورە دەبێت، چونکە تێیدا کانزا گرانبەهاکانی خاکی عێراق بۆ میوانان و ئامادەبووان دەخرێنەڕوو."
 
وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان جیاواز لە پیشەسازی چیمەنتۆ، هەریەکە لە؛ "لمی سیلیکا، فۆسفات، بەردی کڵس و قوڕی کائۆلین"، بە گرنگترین کانزاکان بۆ داهاتووی پیشەسازی عێراق دادەنێت.
 
زوحا جبووری دەڵێت، "کانزاکانی عێراق دەتوانن رۆڵی سەرەکی لە دامەزراندنی پیشەسازی گرنگی نیشتمانی و دروستکردنی شاری گەورەی پیشەسازی بگێڕن؛ کە لە رێگەیانەوە سەدان هەزار هەلیکار بڕەخسێندرێت، جگە لەوەی کە ئاسایشی نەتەوەیی و سەربەخۆیی پیشەسازی نیشتمانیی لە کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکان دەپارێزن."
 
بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی سەرەکی و بڕی کانزاکان، گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان دەڵێت، "لەم ساڵدا تیمێکی گەورەی بۆ پشکنین و رووپێوی جیۆلۆجیمان بۆ سەرجەم پارێزگاکان پێکهێناوە؛ بۆ ئەوەی لە کۆڕبەندە چاوەڕوانکراوەکەی بەغدا ئەنجامی گەڕانەکانیان پێشکەش بکەن."
 
کانزاکانی عێراق و گرنگترین بەکارهێنانەکانیان لە بواری پیشەسازیدا:
 
- لمی سیلیکا؛ لە پیشەسازیی دروستکردنی شێوازە جۆراوجۆرەکانی شووشە بەکاردەهێنرێت.
 
- فۆسفات؛ لە پیشەسازییەکانی دروستکردنی چەک، پزیشکی، خۆراک، ئالیکی ئاژەڵ و کشتوکاڵ دا بەکاردەهێنرێت.
 
- بەردی کڵس؛ لە پیشەسازییەکانی کەرەستەی بیناسازی، لاستیک، کشتوکاڵ و پاککردنەوەی ئاو بەکاردەهێنرێت.
 
- قوڕی کائۆلین؛ لە پیشەسازییەکانی دروستکردنی کاغەز، لاستیک، بۆیاخ، پێداویستی بیناسازی و دەرمان بەکاردەهێنرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە